وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار چهند ڕێنماييهكى تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن دهركرد
بە واژۆی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە نووسراوی ژمارە 949 ڕێنمایيی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی نێرداوە، كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
لەپێناو پاراستنی شوێنی گشتی و ڕاگرتنی پاكوخاوێنی و تێكنەدانی سیمای شارەكان، بە پێویستمان زانی ئەم ڕێنماییانە تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەربكەین، كە پێویستە هەموو لایەك پابەندی بن:
1- ڕێگە نادرێت وێنە و پۆستەری حزب و كاندیدانی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار و ستوون و بەربەستە گشتییەكان بە بزمار و لەزگە و سیكۆتین هەڵبواسرێن.
2- ڕێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی و دورگەی ناوەندی و ناو پاركە گشتییەكان، بە هەر جۆرە كەرەستەیەك.
3- ڕێگە نادرێت بە بەكارهێنانی قوم، لم، چیمەنتۆ و بلۆك، بۆ ڕاگرتنی تابلۆ و كەرەستەكانی ديكهى بانگەشە.
4- ڕێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان، لەسەر هێمای هاتوچۆ و تابلۆ ڕێنیشاندەرەكان، یاخود هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەكانی ئۆتۆمبێل، كە ببێتە هۆی دروستبوونی ڕووداوی هاتوچۆ.
5- ڕێگە نادرێت شوێنەوار و شوێنە كولتوورییەكان بۆ هیچ جۆرە بانگەشەیەك و هەڵواسینێك بە هیچ جۆرە مادەیەك بەكار بهێنرێت.
6- ڕێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەری كاندیدانی حزب و كاندیدانی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار و شوورای فەرمانگەكانی حكومەت و شوێنە گشتییەكان وەك: مزگەوت، نەخۆشخانە، زانكۆ، قوتابخانە و هتد.
7- هەر شارەوانییەك بەپێی تایبەتمەندیی دەڤەری خۆی، سەرباری ئەم خاڵانە، دەتوانێت ڕێكاری تایبەت بە خۆی بۆ بەرژەوەندیی موڵكی گشتی و پاراستنی پاكوخاوێنیی شار دەربكات.
8- لە دوای تەواوبوونی بانگەشە، هەر بەربژێرێك بەرپرسیارە لە لێكردنەوەی وێنە و تابلۆكان و پاككردنەوەی شوێنەكە.
9- ئەگەر بەربژێرێك بە ڕێنماییەكانهوه پابەند نەبێت، ئەوە پۆستەر و بانگەشەكەی لەلایەن تیمەكانی شارەوانی لادەبرێت و كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.