Skip to the content

پرۆژەی دانانی سەرەبلۆك و دروستكردنی شەقام به‌ دريژيى 44 كيلۆمه‌تر لە هه‌شتی حەسارۆك دەستی پێ كرد

ئه‌مڕۆ چوارشەممە ١٨ى ئه‌يلوولى ٢٠٢٤، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پرۆژەیەكی دیكەی گەیاندنی خزمەتگوزاری لە گەڕەكی ٨ی حەسارۆك دەستی پێ كرد، كە زیاتر لە ٤ هەزار و ٢٠٠ پارچە زەوی لەم پرۆژە نوێیەدا شەقام و سەرەبلۆكیان بۆ دروست دەكرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر لەگەڵ تیمی جێبەجێكاری پرۆژەكە گفتوگۆیان كرد و ئامادەیيی هەر جۆرە هاوكارییەكیان دەربڕی، بۆ ئەوەی پرۆژەكە بەزووترین كات تەواو بكرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن ناوەڕۆكی پرۆژەكەی خستەڕوو و ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و ستافی كاركردن لە زۆنی C لە گەڕەكی هەشتی حەسارۆكین، بۆ دەستپێكردنی پرۆژەیەكی ديكه‌ى كردنەوەی شەقام و سەرەبلۆكەكان، كە ڕووبەری ئەو زۆنە ٦٩٧ هەزار مەتر دووجایە و چوار هەزار و ٢٠٠ پارچە زەوی لەو پرۆژە نوێیەدا سوودمەند دەبن كە شەقام و كۆڵانیان بۆ دروست دەكرێت.
ساسان عەونی گوتیشی: درێژیی ئەو شەقامانەی دەكرێنەوە ٤٤ كیلۆمەتر دەبێت و گوژمەی پێویستیش بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەشەی پرۆژەكە بریتییە لە ٨٨٤ ملیۆن دینار كە لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دابین كراوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار هه‌روه‌ها گوتى: بە پێویستی دەزانین ئاماژە بەوەش بكەین لە دوای سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ٨ی حەسارۆك و بەڵێندانی بەوەی بەزووترین كات دەبێت خزمەتگوزاری و كارەكان لە هەشتی حەسارۆك دەست پێ بكات، دوای ماوەیەك لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دەست بە پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بەو گەڕەكە لە زۆنەكانی A و B كراوە و لە زۆنێكیاندا كارەكان تەواوكراون و لە زۆنه‌كه‌ى ديكه‌شدا نیوەی كارەكان ئەنجام دراون و ئێستاش كاركردن لە زۆنی سێیەم (C) دەستی پێ كرد.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەخت لەسەر بەردەوامی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە و دەشڵێت: حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی سەرۆكی حكومەت، بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەر شوێنێك كە پێویست بێت، هەروەك لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆكی حكومەت بەردی بناغەی چەندین پرۆژەی گەورەی پاراستنی سامانی ئاو و دابینكردنی ئاوی خواردنەوەی لە پارێزگەی هەولێر دانا و پێشتریش بۆ شوێنەكانی دیكە كاری هاوشێوە كراوە. ساسان عەونی، گوتیشی: حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ڕابردوودا سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و ئەو گرفتانەی هاتوونەتە بەردەمی، بەڵام بۆ یەك ساتیش لە خزمەتكردنی هاووڵاتییانی كوردستان نەوەستاوە و بەردەوامیش دەبێت، چونكە حكومەت، حكومەتی هاووڵاتییانە.
شایانی باسە، پێشتر لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر كاركردن لە دوو زۆنی دیكەی هەشتی حەسارۆك كراوە و ئەمڕۆش پرۆژەی گەیاندنی خزمەتگوزاری و دروستكردنی شەقام و سەرەبلۆكەكان لە زۆنی سێیەمدا دەستی پێ كرد.