گرێبەستی ماستەرپلانی هەڵەبجە واژۆ كرا
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار: مەسرور بارزانی لە هەڵەبجە بڕیاری دا بە جێبەجێكردنی ماستەرپلانی شارەكە و لە ئهمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
پارێزگاری هەڵەبجە: ماستەرپلانی هەڵەبجە بەرهەمی سەردانەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ ئهو شاره.
- تا ئێستا شاری هەڵەبجە ماستەرپلانی نەبووە و بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە فراوانبوونەكەی بەپێی ستانداردەكان دەبێت.
گرێبەستی دانانی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە واژۆ كرا و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت: لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ پارێزگەی هەڵەبجە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا ماستەرپلان بۆ شارەكە دابندرێت. هاوكات پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت: سوپاسی كابینەی نۆیەم دەكەین بۆ ئەو پرۆژەیە و دەشڵێت: ماستەرپلانی هەڵەبجە بەرهەمی سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ هەڵەبجە.
ڕۆژى پێنجشەممە 26ی ئەیلوولی 2024، لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، گرێبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە بە گوژمەی زیاتر لە یەك ملیار دینار واژۆ كرا. تا ئێستا هەڵەبجە ماستەرپلانی نەبووە، بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە، شارەكە بەپێی ستانداردەكان فراوان دەبێت و لە هەموو ڕوويهكەوە دەبووژێتەوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی واژۆكردنی گرێبەستی پرۆژەكەدا بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن باسی لە دیدگاكانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چۆنیيەتی بڕیاردان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە كرد و لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: لە 22/2/2024دا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی پارێزگەی هەڵەبجەی كرد و لەوێ داوای جێبەجێكردنی ماستەرپلانی هەڵەبجە كرا و لەوێ بڕیاری دا بە جێبەجێكردنی ماستەرپلانی شارهكه و ئێمەش وەكوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ تیمی وەزارەت لە 28/2/2024 سەردانی پارێزگەی هەڵەبجەمان كرد و لەگەڵ پارێزگار و دامودەزگەكانی هەڵەبجە كۆبووینەوە و گفتوگۆمان لەسەر چۆنیيەتی دەستپێكردنی ماستەرپلانەكە كرد، كە هەموو فەرمانگە پەیوەندارەكان لەگەڵ ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەستیان بە كارەكان و گفتوگۆی زۆر باش لەسەر چۆنيیەتی ماستەرپلانەكە كرا.
ساسان عەونی، سەبارەت بە دابینكردنی گوژمەی جێبەجێكردنی پرۆژەكە، ڕایگەیاند: لە 30/5/2024 ڕەزامەنديی نووسینگەی سەرۆكوەزیران لەسەر تەرخانە داراییەكەی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە وەرگیرا و لەوكاتەوە تیمەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە هاوبەشی لەگەڵ تیمەكانی پارێزگەی هەڵەبجە دەستیان بە ئامادەكاری و سۆراخكردنی كۆمپانیایەك كرد.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەخت لەسەر تەواوكردنی پرۆژەكە لە وادەی خۆیدا دەكاتەوە و لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: ماوەی تەواوكردنی پرۆژەكە 450 ڕۆژە و كۆمپانیای جێبەجێكار بەڵێنی داوە كەمتریش لەو وادەیەدا تەواوی بكات. سەبارەت بە گوژمەی پرۆژەكەش، ساسان عەونی گوتی: زیاتر لە یەك ملیار دینارە و لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و لە ئهمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و هەموو ههماههنگى و ئاسانكاریيەكیش پێشكەش دەكەین، بۆ ئەوەی باشترین ماستەرپلان له ههموو ڕوويهكهوه بۆ شاری هەڵەبجە جێبەجێ بكەین.
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە باسی لە گرنگيی پرۆژەی ماستەرپلان بۆ شاری هەڵەبجە و هەوڵەكانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە كرد و جەختی كردەوە كە سەرۆكی حكومەت ڕۆڵێكی گرنگی لە جێبەجێكردنی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجەدا دیوە. هەروەها ئازاد تۆفیق سوپاسی كابینەی نۆیەمی كرد، بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكه و لەمبارەیەوە گوتی: خۆشحاڵین و بە گەرمی سوپاسی كابینەی نۆیەم و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی وەزیران دەكەین بۆ ئەو پرۆژەیە.
پارێزگاری هەڵەبجە گوتیشی: ماستەرپلانی هەڵەبجە بەرهەمی سەردانهكهى جهنابى (مەسرور بارزانی)يه بۆ ئهو شاره. هەروەها سوپاسی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و خودی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری كرد، كە لە چۆنیيەتی جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیەدا ڕۆڵیان هەبووە و كاری جدیان لەسەر كردووە، دواتر ئاماژەی بەوە كرد كە ماستەرپلان دەبێتە دڵی شارەكە.
جێگەی باسە، تا ئێستا شاری هەڵەبجە ماستەرپلانی نەبووە و ئەمەش چەندین گرفتی بۆ گەشەپێدانی شارەكە بە شێوەیەكی زانستی دروست كردووە، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە واژۆ كرا و لە ئهمڕۆوەش دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەهۆیەوە شارەكە بەپێی ستانداردە جیهانییەكان فراوان دەبێت و دەبووژێتەوە.