Skip to the content

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار: لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا زیاتر لە 5 هەزار پرۆژە جێبەجێ كراون

بەپێی ڕاپۆرتێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە ماوەی پێنج ساڵی كابینەی نۆیەمدا، به‌ سه‌رۆكايه‌تيى مه‌سرور بارزانى، لەلایەن فەرمانگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، لە سێكتەرەكانی شارەوانی، ئاو، ئاوەڕۆ، گەشتوگوزار و شوێنەوار، زياتر له‌ پێنج هه‌زار پرۆژه‌، بە گوژمەی چوار ترليۆن و ٦٦٣ مليار و ٤٧٥ مليۆن و ٩٠٢ هه‌زار دينار، لە سەرجه‌م شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراون، كە بەشی زۆريان تەواوكراون و بەشێكیشیان ئێستا لە قۆناغی كاركردندان و لە ماوەی دیاریكراودا تەواو دەبن.
هه‌ر بەپێی ئامارەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، پرۆژەكان لەسەر بودجەی وەبەرهێنان، داهاتی فەرمانگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بودجەی ئاسایی، بودجەی تایبەت و چەند پرۆژەیەكیش لە ڕێگەی ڕێكخراو و زانكۆ و ئاژانسە بیانییەكان جێبەجێ كراون، وێڕای ئەو پرۆژانە، ئێستا ژمارەیەكی زۆری پرۆژەی دیكە پێشنیاز كراون و لە ماوەی داهاتوودا دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە.
لە سێكتەری شارەوانیدا، دوو هه‌زار و چوار پرۆژە، بە گوژمەی دوو ترليۆن و ٧٩٥ مليار و ٣٣٧ مليۆن و ٣٢٣ هه‌زار دينار جێبەجێ كراون. هه‌روه‌ها لە سێكتەری ئاو و ئاوەڕۆدا، دوو هه‌زار و ٧٥٥ پرۆژە، بە گوژمەی ترليۆنێك و ٧٨٥ مليار و ٢٤٨ مليۆن و ١٧٦ هه‌زار دينار جێبه‌جێ كراون. سه‌باره‌ت به‌ سێكتەری شوێنەوار، سه‌ت و ٦٧ پرۆژە، بە گوژمەی ٣٤ مليار و ١٤٨ مليۆن و ٧٥ هه‌زار دينار جێبه‌جێ كراون. لە سێكتەری گەشتوگوزاريشدا، ١١٨ پرۆژە، بە گوژمەی ٤٨ مليار و ٧٤٢ مليۆن و ٣٢٧ هه‌زار دينار جێبەجێ كراون.