Skip to the content

ڕێزلێنان پێشکەش بە سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی کرا

ڕۆژی پێنجشەممە 2025-4-10 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە ڕێوڕەسمێکدا، لە پاى ئەرک و ماندووبوون و ڕۆڵی دیار و بەرچاویان لە ڕاپەراندنى کاروبارى و هاوڵاتییان و خزمەتکردنى شارى هەولێر، ڕێزلێنانیان پێشکەش بە سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیی هەولێر کرد.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، هەر یەک لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر، وێڕاى دەستخۆشی لە سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەن بۆ ئەنجامدانى کارەکانیان لە ڕاییکردنی مامەڵە و كاروباری هاووڵاتییان، ڕۆڵی گرنگى ئەنجومەنى ناوبراویان لە پەرەپێدان و گەشەسەندنى شارى هەولێر و گەیاندنى پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و خزمەتكردنی هاووڵاتییان بەرز نرخاند.
هاوكات جەختیان لە بەرەوپێشبردنی ئیشوكاری دامودەزگەكانی شارەوانی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانى دیکە كردەوە و ئاماژەیان بەوە دا كە پێویستە سەرجەم دامودەزگە خزمەتگوزارییەكان بە باشترین شێوە لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بن، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو پاڵپشتییەکى خۆیان بۆ ئەنجومەنى شارەوانیى هەولێر دووپات کردەوە.
جێگەى باسە، لە 8ی تشرینی یەکەمی ساڵى 2020، لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی شارەوانییەکانی هەولێر وەک یەکەمین ئەنجومەنى شارەوانيی شارەکانی هەرێمی کوردستان کارا کرایەوە و پێکهاتووە لە بەرپرسانی یەکەمی فەرمانگەکانی شاری هەولێر و ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکان و سەندیکاکان نوێنەریان لەو ئەنجومەنەدا هەیە. ئەو ئەنجومەنە کار دەکات بۆ جێبەجێکردنی یاسا و پارێزگاریکردن لە موڵکی گشتی و کاراسانی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بڕیارى یەکلاییکردنەوەی کێشە و دۆسییەکانی هاووڵاتییان.