Skip to the content

یەكەمین كۆنفرانسی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بە هەماهەنگيی زانكۆكانی سەڵاحەدین و تیشك ساز كرا

بە مەبه‌ستی پەرەپێدانی شاری هەولێر و گونجاندنی لەگەڵ ماستەرپلانی هەمواركراوی هەولێر، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆی سەڵاحەدین و زانكۆی تیشك، یەكەمین كۆنفرانسی زانستيی خۆی لەژێر ناوی "لەپێناو پەرەپێدانی بەردەوام لە شاری هەولێر ساز كرد" كە لە ماوەی دوو ڕۆژی كۆنفرانسەكەدا، زیاتر لە 12 تەوەری زانستی تاووتوێ و گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 14/4/2025 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و نوێنەری نووسینگەی سەرۆكوەزیران و نوێنەری سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و بریكاری وەزارەتەكان و زانكۆكانی سەڵاحەدین و تیشك و سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار و ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و مامۆستایانی زانكۆ و ژمارەیەكی دیكە لە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و ئەندازیاران یەكەمین كۆنفرانسی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دەستی بە كارەكانی كرد و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
لە سەرەتای كۆنفرانسەكەدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین گوتاریان پێشكەش كرد و باسیان لە گرنگی كۆنفرانسەكە بۆ شاری هەولێر كرد. لە بەشێكی گوتارەكەیدا ساسان عەونی ئاماژەی بەوە كرد: ئەم كۆنفرانسە لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆكانی سەڵاحەدین و تیشك بەڕێوە دەچێت، ئاماژەی بەوەش كرد: ئەم كۆنفرانسە كۆنفرانسێكی زانستی و خزمەتگوزارییەكی گرنگە بۆ شاری هەولێر لە بەیەكەوە بەستنەوەی كاروباری خزمەتگوزاری بە كاروباری زانستییەوە كە هەنگاوێكی نوێیە بۆ پەرەپێدانی شاری هەولێر لە هەموو ڕوويه‌كەوە. گوتیشی: چەند مانگێكە ئامادەكاری بۆ ئەم كۆنفرانسە دەكرێت، بۆ ئەوەی هەولێری پایتەخی هەرێمی كوردستانیش هاوتا لەگەڵ پایتەختە پێشكەوتووەكانی وڵاتانی دەوروبەرمان بتوانێت لە ڕێگەی چارەسەری زانستییانەوە بۆ كێشەكان دیدگایەكی تازە بۆ خزمەتكردن و بەرەوپێشبردنی شارەكە دابڕژێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار هەماهەنگی نێوان فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و ناوەندە زانستی و ئەكادیمییەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بەرەوپێشبردنی شارەكه‌ بە گرنگ وەسفكرد و جەختی كردەوە ئەم هەماهەنگی و پێكەوەكاركردنە ئاستی خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاووڵاتییان باشتر و بەرزتر دەكاتەوە.
ساسان عەونی، ئاماژەی بەوەش كرد: كارەكانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی حكومەت لەژێر ڕاسپاردە و فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت، بە تایبەتی لەو بوارانەی پەیوەنديی ڕاستەوخۆیان بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەوە هەیە بەردەوام ڕێنوێنيی وەزارەت و فەرمانگەكان دەكات كە هاووڵاتی چەقی بایەخدانی حكومەتن و دەبێت كاروبارەكان لەپێناوی پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بێت.
سەبارەت بە گرنگیی كۆنفرانسەكەش، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە كرد ئەم كۆنفرانسە زۆر گرنگە و هەنگاوێكی دیكەی نوێیە بۆ خۆگونجاندنی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لەگەڵ جێبەجێكردنی ماستەرپلانی شاری هەولێر كە تازە هەموار كراوەتەوە، بۆ ئەوەی لە چەند ساڵی داهاتوودا هەولێر بە شێوەیەكی باشتر پێش بكەوێت و بۆ ژیانكردن بەرەوپێشتر بچێت، چونكە ماستەرپلانی هەمواركراوی هەولێر هەموو لایەنە زانستییەكانی تێدایە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: ئەو تەوەرانەی لەم كۆنفرانسەدا كاریان لەسەر دەكرێت، تەوەری زۆر گرنگن و پەیوەنديی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی هاووڵاتییان و ئاسانكاريی كارەكانەوە هەیە و هەموو ڕەهەندەكانی تێدا ڕەچاو كراوە و بە جێبەجێكردنی ئەو تەوەرانەی كۆنفرانسەكە، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریش بۆ هاووڵاتییان باشتر دەبێت، كە ئەوەش ئامانجی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.