پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە هەولێر بە باشی بەڕێوە چوو

ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی ئابی ٢٠٢٥، پرۆسەی دابەشکردنی زەویی بۆ فەرمانبەران لە ناوچەی کەورگۆسک و چەند شارەوانییەکی دیکەی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، دەستیپێکرد.
پڕۆسەکە، بە سەرپەرشتیی مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، بە شێوەیەکی فەرمی و تەکنیکی بەڕێوە چوو.
ڕۆژی یەکشەممە، لە کەورگۆسک نزیکەی هەزار فەرمانبەر زەویی وەرگرت؛ پرۆسەی دابەشکردنی زەویی بەشێوەی ئۆنلاین بوو و تیروپشکەکە لە ڕێگەی سیستەمی کۆمپیوتەرییەوە بوو.
هەروەها، زەوییەکانی شارەوانیی هەولێر کە بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکرێن، لە باشترین ناوچەکانن، خزمەتگوزارییەکان بە ئاسانی دەگات پێیان و فەرمانبەران دەتوانن ڕاستەوخۆ زەوییەکان بۆ نیشتەجێبوون بەکار بهێنن.
مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، ڕاگەیاند: "تاوەکوو ئێستا نزیکەی 48 هەزار فۆڕمی وەرگرتنی زەوییان بە دەست گەیشتووە. پرۆسەی دابەشکردنی زەویش لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت. هەروەها، تاوەکوو ئێستا نزیکەی 8 هەزار فەرمانبەر لە سنووری سەرۆکایەتییەکانی شارەوانیی بەحرکە و قوشتەپە و دارەشەکران زەوییان وەرگرتوو. لە چەند هەفتەی داهاتوودا، لە سنووری ناوچەی کەسنەزان و بنەسڵاوە و شوێنەکانی دیکەش پرۆسەی دابەشکردنی زەویی بەسەر فەرمانبەران دەست پێ دەکات".