گوژمه‌ی پێویست بۆ ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری لە پارێزگای سلێمانی خه‌رج ده‌كرێت

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، له چه‌ند فه‌رمانێكی وه‌زاریدا، ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر خه‌رجكردنی چه‌ند گوژمه‌یه‌كی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و دابینكردنی پێداویستی له سێكته‌ری شاره‌وانی و ئاو، له سنووری پارێزگای سلێمانیی نیشان دا.
گوژمه‌كان له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٠٠% و ١٥%ی داهاتی شاره‌وانی، ڕێژه‌ی ١٧%ی داهاتی ئاو، به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك و دابینكردنی پێداویستیی بۆ كارگه و فه‌رمانگه‌كانی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری، به‌پێی چه‌ند فه‌رمانێكی وه‌زاریی ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر خه‌رجكردنیان درا.
پرۆژه‌كان بریتین له، چاكسازیی به‌شێك له شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانی ناو شار، دروستكردنی یه‌كساید له سنووری شاره‌وانیی شاره‌زوور، دابینكردنی قیری شل و لم و بوحس و چه‌و، بۆ كارگه‌ی قیری شاره‌وانی له تانجه‌ڕۆ، بۆ گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاریی قیرتاوكردنی شه‌قام و كۆڵانه‌كانی شاری سلێمانی. له‌گه‌ڵ دابینكردنی ماتۆری بۆسته‌رپه‌مپ بۆ پرۆژه‌ی دوو، له فه‌رمانگه‌ی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان.
هەروەها دابینكردنی گوژمه‌ی پێویست بۆ كاری چاكسازی له شه‌قامه‌كان و دابینكردنی پێداویستی بۆ تانكه‌ر، شه‌معه‌كان، مۆلیده و ئامێره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاوی سلێمانی و فراوانكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قام، له خانووه تازه‌كانی سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی پێنجوێن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قامی سه‌ره‌كیی پێنجوێن؛ ڕاكێشانی تۆڕی ئاو له گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌واره‌به‌رزه، وڵوبه، سرووشت له سلێمانی.
له ئێستادا به‌پێی پلانی شاره‌وانی، ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری له سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ئاو، له بواری شاره‌وانی و ئاو و ئاوه‌ڕۆ و گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌كاندا له قۆناغی جێبه‌جێكردندان.