وهزیری شارهوانی و گهشتوگوزار بهشداری له ڕێوڕهسمی بهرزڕاگرتنی ئاڵای كوردستان و ڕێزگرتن له سهرۆكی شارهوانیی پاریس کرد
ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە ڕۆژی ئاڵای كوردستان، لە شاری پاریس، بە نوێنەرایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەشدار بوو لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی ئاڵای كوردستان و ڕێزلێنان لە خاتوو ئان هیدالگوو، سەرۆكی شارەوانیی پاریس.
ڕێوڕەسمەكە لەلایەن نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پاریس بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵای كوردستان و هاوكات ڕێزگرتن لە سەرۆكی شارەوانیی پاریس لەپای پاڵپشتی لە دۆزی كورد و هاوكارییەكانی ساز كرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە ڕێوڕەسمەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: "زۆر خۆشحاڵم كە بەناوی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشدارم لەو ڕێوڕەسمەدا، كە نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرەنسا سازی كردووە، بۆ ڕێزگرتن لە خاتوو ئان هیدالگوو، سەرۆكی شارەوانیی پاریس، لە ڕۆژێكی پیرۆزدا كە ڕۆژی ئاڵای كوردستانە، ئەمەش مانای ئەوەیە سەرۆكی شارەوانیی پاریس دۆستێكی نزیكی كوردە".
هەروەها گوتیشی: "لە سایەی سەرۆكی شارەوانیی پاریس، هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، كرایە دەستەخوشكی پاریس و بووە ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی شارەكانی فرانكۆفۆنی، كە سوودێكی زۆری هەبووە. هەروەها ڕێگایەك و شەقامێك بەناوی پێشمەرگە لەناو جەرگەی پاریس تەرخان كرا و جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، ئامادەی ڕێوڕەسمی پەردەلادانەكەی بوو، كە ئەمەش ئەوە دەردەخات سەرۆكی شارەوانیی پاریس چەندە پەرۆشن بۆ دۆزی ڕەوای كوردستان، كە سەدان ساڵە لەپێناوی ئاشتی، ئازادی، پێكەوەژیان تێدەكۆشێت".
لە کۆتاییی ڕێوڕەسمەکەشدا وهزیری شارهوانی و گهشتوگوزار، بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستانەوە، سوپاس و ستایشی حكومەت و گەلی فەرەنسای كرد؛ بۆ هەموو ئەو پشتگیری و پشتیوانییەی لە خەڵكی كوردستانیان كردووە. هەروەها هیوای بەردەوامی و پتەوبوونی پەیوەندییەكانی هەردوو گەلی فەرەنسا و گەلی كوردستانی خواست.