Skip to the content

به‌ردی بناغه‌ی كردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی زۆنی بی لە گوندی كۆری دانرا

به‌ گوژمەی زیاتر لە ٣٧٧ ملیۆن دینار و له‌سه‌ر داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، به‌ردی بناغه‌ی پرۆژه‌ی كردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ زۆنی (B)ی گوندی كۆری دانرا و له‌ ماوه‌ی سێ مانگیشدا ته‌واو ده‌كرێت.

ڕۆژی یەکشه‌ممه‌ ٩ی شوباتی ٢٠٢٥، به‌ ئاماده‌بوونی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و كارزان عه‌بدولهادی، سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر، به‌ردی بناغه‌ی پرۆژەی کردنەوەی شەقامە سەرەکییەکانی زۆنی (B)، له‌ گوندی کۆری له‌ شاری هه‌ولێر دانرا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر پیرۆزباییان لە خاوەنی زەوییەکانی ئەو زۆنەی گوندی کۆری کرد و جەختیان لە بەردەوامی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت کردەوە.
ساسان عەونی گوتی: گوژمەی ئەو پرۆژەیە ٣٧٧ ملیۆن دینارە و لەسەر داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد شەقامەکان زیاتر دوو کیلۆمەتر و ٧٠٠ مەتر دەبن و لە ماوەی سەت ڕۆژدا کارەکانی ئەو پرۆژەیە تەواو دەکرێت، هەروەها گوتیشی؛ جەخت دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەر شوێنێک خزمەتگوزاری پێویست بێت بۆ هاووڵاتییان، دەستی کارکردن و ئاوەدانیی حکومەت لەوێ دەبێت بۆ خزمەتکردنی خەڵک، ئەوەش بەپێی ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو کار و خزمەتانە لەلایەن وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەتەوە جێبەجێ دەکرێن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پیرۆزبایی لە خاوەنی زەوییەکانی گوندی کۆری کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمڕۆ دڵخۆشن بەوەی لەگەڵ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پرۆژەی کردنەوەی شەقامە سەرەکییەکانی زۆنی (B)، لە گوندی کۆری دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد هەمیشە لەژێر ڕێنماییەکانی سەرۆکی حکومەت، لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو جێگایانەی کە پێویستیانە خزمەتیان دەکرێت و بەردەوام دەبین. پارێزگاری هەولێر هیوای خواست کە لەگەڵ باشبوونی دۆخی دارایی، بەشەکانی دیکەش لە گوندی کۆری جێبەجێ بکەن، دڵنیایی دا کاری باشتر و چاکتر لە داهاتوودا بۆ گوندی کۆری جێبەجێ دەکرێت.
پێكهاته‌ی پرۆژه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ دروستکردنی شەقامە سەرکییەکانی گوندی كۆری بە درێژایی (٢٧٠٠م) و بە ڕووبەری ٦١ هەزار مەتر دووجا.