Skip to the content

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وۆرکشۆپی دیزاینی تەلارسازیی شار ساز دەکات

ڕۆژى دووشەممە ٣ى شوباتى ٢٠٢٥، لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، وۆرکشۆپی تایبەت بە ئامادەکردنی ڕێنمایيی دیزاینی تەلارسازیی شار بەڕێوەچوو و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش وێڕای بەگرنگ لەقەڵەمدانی وۆرکشۆپەکە بۆ پەرەپێدانی شارەکان، هاوکات داوا لە سەرجەم شارەوانییەکان دەکات شوێنی تایبەت و زەویی گونجاو بۆ دروستکردنی چەندین مۆزەخانە لە شار و ئیدارە سەربەخۆکان دەستنیشان بکەن.
ئەو وۆرکشۆپە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕێکخرا، بە مەبەستی جێبەجێکردنی یەکێک لە ڕاسپاردەکانی یەکەمین کۆنفرانسی نەخشەدانانی ئاوەدانی کە ساڵی ڕابردوو ساز کرا و دواتر لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پەسەند کرا.
ئەو وۆرکشۆپە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بە بەشداريی ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆک شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و تیمێکی ئەندازیاران بەڕێوەچوو.
وۆرکشۆپی تایبەت بە ئامادەکردنی ڕێنمایيی دیزاینی تەلارسازيی شار بۆ کارکردنە لەسەر جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان، لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێکخستنەوە و پەرەپێدانی شار و شارۆچکەکان لە ڕێی یاسا و دەرکردنی ڕێنمایی و بەرزەفتە لە سێکتەری نەخشەدانانی ئاوەدانی بە دیاریکراوی پەرەپێدان و دیزاینی تەلارسازیی شار کە ئامرازێکە بۆ ڕێکخستنەوەی ژینگەی تەلارسازیی شارەکان، لە ڕووی ستایل و شوناس و بەرزی بینا و ڕووکەشی بینا و بەکارهێنانی بینا و سەلامەتیی گشتیی شار و چەندین بابەتی دیکەش.
ساسان عەونی گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە گرنگی وۆرکشۆپەکە و ئامادەکردنی ڕێنماییەکانی تایبەت بە دیزاینی تەلارسازیی شارەکان کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە لە ڕێنماییەکاندا ڕەچاوی لایەنی مێژوویی و تایبەتمەندیی شارەکان بکرێت، هەروەها جەختیشی کردەوە گرنگە دیزاینی شارەکان بایەخ بە لایەنی ژینگەیی و نوێکاری و پیشەسازی و کولتووری و هەموو لایەنەکان بدات، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا خەڵک بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەست بە گۆڕانکاری و ڕێکخستنەوەی شار بکەن، داواشی کرد بایەخێکی زۆر بەو پرسە بدرێت، چونکە دیزاین ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕێکخستن و جوانی شارەکان دەبێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ پاراستنی لایەنی مێژوویی و تایبەتمەندی شارەکان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە ڕێنمایی و دیزایندا ڕەچاوی تایبەتمەنديی شارەکان بکرێت و هەموو لایەنەکان جێگەیان لە ڕێنماییەکاندا بکرێتەوە.
ساسان عەونی، داواشی لە سەرجەم سەرۆک شارەوانی و بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە شار و ئیدارە سەربەخۆکان کرد شوێنی تایبەت و زەویی گونجاو بۆ دروستکردنی چەندین مۆزەخانە و گەلەری دەستنیشان بکەن، بە مەبەستی پاراستنی پارچە شوێنەوارییەکان و پەرەپێدانی سێکتەری شوێنەوار و گرێدانەوەی بە گەشتوگوزار و چالاکیی هونەری و کولتووری لە شارەکان، گوتیشی: بە لایەنی کەمەوە لە هەر شارێک پێویستە زەوی بۆ شەش تا حەوت مۆزەخانە دەستنیشان بکرێت و بە بایەخەوە کار لەسەر ئەو پرسە بکرێت.