گوژمەی 611 ملیۆن دینار بۆ ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شارى هەولێر خەرج دەكرێت

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە فەرمانێكی وەزاریدا، ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی گوژمەی زياتر له 611 مليۆن دینار دا، بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر.
گوژمەكە لەسەر ڕێژەی 15%ی داهاتی شارەوانییە لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و بە مەبەستی جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانەی له خوارەوە ئاماژەیان بۆ كراوە:
پرۆژەی دروستكردنی چەند شەقامێك لە گەڕەكی سەربەخۆیی. كڕینی كەرەستە و گازوایل بۆ بەرهەمهێنانی تێكەڵە و تێكەڵەی ئەسفەلتی بۆ قیرتاوكردن و نۆژەنكردنەوەی شەقامەكان. فراوانكردنی شەقام لە گەڕەكی زانكۆ. تێكەڵەڕێژكردنی شەقامی 20 مەتری و 15مەتری لە گەڕەكی سەربەخۆیی. قیرتاوكردنی شەقام لە نێوان گوندی سێبەردان و كەرتی ده ههزارى لە سنووری شارەوانیی سێ.
جگە لەو پرۆژانە، ئێستا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، ژمارەیەك پرۆژەی دیكەی خزمەتگوزاری لە قۆناغی جێبەجێكردندان و بۆ ئەمساڵیش بەپێی پلانی شارەوانی، پرۆژەی دیكەی خزمەتگوزاری دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە.