Skip to the content

بە گوژمەی ملیارێك و 645 ملیۆن دینار بەردی بناغەی پرۆژەی قیرتاوكردنی شەقامی هەولێر - بەحركە داندرا

ڕۆژى پێنجشەممە ٢٣ى كانوونى دووه‌مى ٢٠٢٥، بە چاودێريی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری شارەوانیی سنوورەكە و كۆمپانیای جێبەجێكار و تیمی ئەندازیارانی پرۆژەكە، بەردی بناغەی گەورەپرۆژەی نۆژەنكردنەوە و قیرتاوكردنی شەقامی سەرەكیی هەولێر - بەحركە داندرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: جێگەی خۆشحاڵییە كە ئەمڕۆ لەگەڵ پارێزگاری هەولێر، بەردی بناغەی پرۆژەیەكی گرنگ لە شاری هەولێر دادەنێین، ئەویش پرۆژەی نۆژەنكردنەوە و قیرتاوكردنی یەكێك لە شەقامە سەرەكییەكانی هەولێر كە شەقامی ١٠٠ مەتری لە قۆناغی یەكەم بە شەقامی ١٢٠ مەتری دەبەستێتەوە، هەروەها قۆناغی دووەمیشی شەقامی ١٢٠ مەتری بە شەقامی ١٥٠ مەتری لە ڕێگەی بەحركە دەبەستێتەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بە گرنگیی پرۆژەكە گوتیشی: ئەو شەقامە یەكێكە لە شەقامە سەرەكییەكان كە دانیشتووانی پایتەختی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە بەكاری دەهێننن و كاراسانییەكی زۆر بۆ جووڵە و هاتوچۆی خەڵك دەكات هەم لە شەقامی بازنەیيی ١٥٠ مەترییەوە بۆ ناو هەولێر و هەم لە شەقامی بازنەیيی ١٢٠ مەترییەوە بۆ ناو هەولێر و بە پێچەوانەوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە قۆناغەكانی پرۆژەكەش، گوتی: ئەو پرۆژەیە بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەكرێت و قۆناغی یەكەمی زیاتر لە كیلۆمەترێك و نیوە و قۆناغی دووەمیشی چوار كیلۆمەتر و نیو زیاترە و گوژمەكەشی ملیارێك و ٦٤٥ ملیۆن دینارە و لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرە و لە چوارچێوەی بەردەوامی پرۆژەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.
ساسان عەونی ئاماژەی بەوەش كرد لەژێر فەرمان و ڕاسپاردەكانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، فەرمانگەكانی حكومەت بەردەوامن لە خزمەتكردن و جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری، لە هەر كوێیەكیش پێویست بێت، فەرمانگەكانی حكومەت لەوێ كار دەكەن و خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاووڵاتییان دەكەن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە ڕێوڕەسمەكەدا وەڵامی چەند پرسیارێكی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و سەبارەت بە پرۆژەكەش خۆشحاڵيی خۆی دەربڕی كە لەگەڵ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاردا بەشدارن لە دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەكی گرنگ لە شاری هەولێر و ئاماژەی بەوەش كرد: ئەو پرۆژەیە یەكێكە لە پرۆژە گرنگەكان و هەولێر بە بەحركە دەبەستێتەوە و لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەكرێت. پارێزگاری هەولێر سوپاسی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشی كرد بۆ ئەو پرۆژەیە و جەختی كردەوە: ئەو شەقامە ڕۆژانە هاووڵاتییەكی زۆر بەكاری دەهێنن.