لە ساڵی ڕابردوودا 121 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 73 ملیار دینار له شارى ههولێر جێبەجێ كراون
- ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر بۆ زیاتر لە 20% بەرز بووەتەوە.
- زیاتر لە 146 هەزار دار و گوڵ چێندراون.
لە ساڵی ٢٠٢٤، لەسەر بودجەی 100% و 15%ی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، وەبەرهێنان، دارایی، داهات و پێشینەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانی، بە گوژمەی 73 مليار و 800 ملیۆن دینار، 121 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری شاری هەولێر جێبەجێ كراون و كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەشێكیان تەواو كراون و كاركردنیش لە ژمارەیەكیان بەردەوامە.
سەبارەت بە بڕی قیری بەرهەمهاتوو لەلایەن كارگەی ئەسفەلتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، 15 ههزار و 271 تۆن بەرهەم هاتووە و لە چاككردنەوەی چاڵ و شكستی شەقامەكان بەكار هاتووە.
سەبارەت بە گرێبەستەكانیش، ههزار و 682 گرێبەست كراون. جۆری گرێبەستەكانیش بریتین لە دوكان، گەراج، كۆگا، بەڵێندەرایەتی، ماركێت، سەموونخانە، پێشانگەی ئۆتۆمبێل و چەند جۆرێكی دیكەی گرێبەست.
هەروەها كۆی گشتیی گوژمەی كۆكردنەوە و چارەسەركردنی زبڵ و خاشاك لە سەنتەری شاری هەولێر 18,5 مليار دينار بووه.
سەبارەت بە چاندنی دار و گوڵ، لە ساڵی ڕابردوودا، لە سنووری شاری هەولێر، لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێری سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر 91,8 ههزار دار و 54,8 ههزار و گوڵ چێندراون و ڕێژەی سەوزاییش بۆ 20.1% بەرزبووەتەوە.
پرۆژەكان بەپێی بودجەی تەرخانكراو دابەش كراون، كە لە كۆی پرۆژەكاندا، 64 پرۆژەیان لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ كراون. هەروەها لەسەر بودجەی پارێزگهی هەولێریش 35 پرۆژە جێبەجێ كراون، لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار 4 پرۆژە جێبەجێ كراون، لەسەر بودجەی دارایی 1 پرۆژە جێبەجێ كراوە، لەسەر داهات و پێشینەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێريش 17 پرۆژە جێبەجێ كراون.