سەرجەم فەرمانبەرانی سنووری قەزای قوشتەپە لە هەولێر زەوییان بۆ دەرچوو

لە ڕێوڕەسمێكدا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە قەزای قوشتەپە، دابەشكردنی زەوییان لە قوشتەپە بەسەر سەرجەم فەرمانبەرانی سنوورەكە ڕاگەیاند.
لە ڕێوڕەسمەكدا، هەر یەكە لە بژار مەلا خدر، قائیمقامی قەزای قوشتەپە، مەریوان حاكم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی قوشتەپە و بەڕێوەبەرانی فەرمانگەكانی سنوورەكە ئامادە بوون. تیروپشك بۆ ٢ هەزار و ٣٦ ناوی فەرمانبەرانی سنووری قەزای قوشتەپە كرا و زەوییان بۆ دەرچوو.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن، ڕایگەیاند: "زۆر خۆشحاڵم كە بەشدارین لەو ڕێوڕەسمەدا بۆ دابەشكردنی زەویی بەسەر سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی دانیشتووی قوشتەپە، كە كارتی زانیارییان لە سنووری قوشتەپەیە. پرۆسەی دابەشكردنی زەوی، پرۆسەیەكی زۆرباش و دڵخۆشكەرە و پشتگیركارە، بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی كوردستان؛ بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە پشتگیریكردنی فەرمانبەران و دابەشكردنی زەوی دەگاتە قۆناغەكانی كۆتایی؛ لە سەرجەم سەرۆكایەتیی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكان لە كوردستان و هەنگاوی زۆرباشی هاویشتووە".
سەبارەت بە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی، لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و سەرجەم سەرۆكایەتییەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر ساسان عەونی گوتی: "پرۆسەی دابەشكردنی زەویی زۆر بە عەمەلی دەستی پێكردووە و هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە و ڕۆژانە پرۆسەكە لەو سنوورە بەڕێوە دەچێت".
هەروەها وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پیرۆزبایی لە سەرجەم فەرمانبەرانی سنووری قەزای قوشتەپە كرد، كە زەوییان بۆ دەرچووە و گوتی: "پیرۆزبایی لە سەرجەم فەرمانبەران دەكەین، بە تایبەتی ئەو ٢ هەزار و ٣٦ فەرمانبەرەی کە لە سنووری قەزای قوشتەپە لە هەردوو ڕاژەی سەربازی و مەدەنی، لەو تیروپشكەدا ناویان دەرچووە. بەناوی سەرجەم فەرمانبەرانی كوردستانیشەوە سوپاس و ستایش پێشكەشی مەسرور بارزنی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین؛ بۆ ئەم بڕیارە گرنگەی بەمەبەستی دابەشكردنی زەویی بەسەر فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. پرۆسەكەش زۆر بەباشی و بە شەفافی، بەپێی كارتی زانیاریی بەڕێوە دەچێت و پرەنسیپی یەكسانیی تێدا پەیڕەو كراوە".