پرۆسەی خاوێنكردنەوە و تێستكردنی هێڵەكانی گوێزەرەوەی ئاوی هەولێر دەستیپێكرد

ئاو لە هێڵە سەرەكییەكانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو گەیشتە تۆڕەكانی ئاوی هەولێر و پرۆسەی خاوێنكردنەوە و تێستكردنی هێڵەكانی گوێزەرەوەی ئاو لە ژمارەیەك گەڕەك و شوێنی هەولێر دەستیپێكرد.
پرۆسەی خاوێنكردنەوە و تێستكردنی هێڵەكانی گوێزەرەوە لە گەڕەكی ژیان، ڕۆشنبیری، تۆبزاوای ئەحمەدی، قەرەبووی تۆبزاوا، قەرەبووی ژیان، گەڕەكی شەهیدان، گردەڕەشە، تیمار، ئاسوودە و هێڵی سەرەكی دارەتوو و چەندین شوێنی تری شاری هەولێر دەستیپێكرد و پرۆسەكەش بەردەوامە.
ڕۆژی شەممە، ٥ی تەمموزی ٢٠٢٥، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێر و هێڵەكانی بەستنەوەی بە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و تۆڕی ئاوی هەولێری لە زۆنی ڕێگەی كۆیە و كەركووك و مووسڵ و ڕەشكین و شەقامی زانكۆی بەسەركردەوە و دەستخۆشی لە تیمەكانی جێبەجێكاری پڕۆژەكە كرد. هاوكات ئاماژەی بەوەش كرد گەورەپڕۆژەكانی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێر دوو پڕۆژەی گرنگن و بە بڕیاری ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جێبەجێ دەكرێن؛ بەهۆیانەوە هەولێر و دەوروبەری لەڕووی خزمەتگوزاریی دابینكردنی ئاوەوە گرفتی كەمئاویان چارەسەر دەبێت.
لەم قۆناغەدا، پڕۆژەكە لە زۆنی ڕێگەی كۆیە و كەركووك و مووسڵ، كە ئەم زۆنە گەورەترین گرفتی كەمئاویان هەبوو، وەك بنەسڵاوە، مامزاوە، قەتەوی، دارەتوو، باغلومنارە، باغەمرە و گەڕەكەكانی ژین و ژیان، ڕۆشنبیری، 8ی حەسارۆك و چەندین گەڕەك و شوێنی دیكەی دەرەوەی شەقامی 120مەتری دەكەوێتە كار؛ كاركردنیش لە سەرجەم زۆنەكانی تردا بەردەوام دەبێت و لە ماوەیەكی دیاریكراودا تەواوی پڕۆژەكە تەواو دەبێت و هەولێر و دەوروبەری بەیەكجاری كێشەی كەمئاوی نامێنێت.