Skip to the content

دابەشكردنی زەوی لە دەوروبەری هەولێر دەستیپێكرد و سەرجەم فەرمانبەرانی سنووری بەحركە تیروپشكیان بۆ كرا

بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دوای وردبینیكردنی فۆڕمەكان و وەرگرتنی ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران، پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر دەستیپێكرد و تیروپشك بۆ زەوییەكان كرا. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش پیرۆزبایی لە فەرمانبەرانی حكوومەت لە سنووری بەحركە دەكات.
بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، مەریوان حاكم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، ژمارەیەك لە سەرۆك شارەوانییەكان و نوێنەری وەزارەتەكان، پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر دەستیپێكرد.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر، دابەشكردنی زەوییان لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی بەحركە، لە قۆناغی یەكەمدا ڕاگەیاند و دواتر لە سەرجەم شارەوانییەكانی دیكەی دەوروبەری هەولێر پرۆسەكە دەستپێدەكات.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن ڕایگەیاند: "خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و تیمی كاركردن و سەرپەرشتیكردن و دانانی نەخشەی كەرتی زەوییەكان، پێكەوە قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی زەوی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر ڕادەگەیەنین؛ كە سەرەتا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی بەحركە دەستپێدەكات و نزیكەی چوار هەزار فەرمانبەر لە سەرجەم وەزارەتەكان زەوی وەردەگرن".
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: "ساڵی ڕابردوو كاتێك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری پێدانی زەوی بە فەرمانبەران دا، لەو كاتەوە هەموو دامودەزگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندارەكان بەردەوام لە كاركردندا بوونە و پرۆسەكە زۆر باش چووەتە پێشەوە. ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە هەبوو لە ماوەی ڕابردوودا، چێككردنەوەی هەموو ناوەكان بووە كە لە سەرجەم وەزارەت و دەستە و فەرمانگەكان بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتزگوزار هاتووە كە زیاتر لە ٤٣٥هەزار فۆڕم دەبن و وردبینیان بۆ كراوە و بۆ سەرجەم شارەوانییەكان لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان نێردراوە. بەناوی سەرجەم فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، بۆ ئەم بڕیارە مێژووییەی داویەتی كە ماوەی زیاتر لە ١٥ساڵە زەوی بۆ فەرمانبەرانی حكومەت دابین نەكراوە".
لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە گرفتەكان و چارەسەرییەكان، گوتی: "لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، هەندێك كێشەی موڵكداریەتیی زەوی و تەكنیكیی لەبەردەم پرۆسەكە دروستبوون، بەڵام هەفتەی ڕابردوودا بە سەرپەرشتیی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەكان، ئەو كێشە و گرفتانە لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتدا خرانەڕوو و چارەسەری پێویست لە ڕووی یاسایی و هونەریان بۆ دۆزرایەوە؛ واتە لە هەر شوێنێك ئەگەر ئەو پرۆسەیە بە باشی نەچووبێتە پێشەوە، لەمەودوا بە باشی بەڕێوە دەچێت".
هەروەها سەبارەت بە ڕاگەیاندنی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی، لە سنووری ٣٧ شارەوانی لە دەوروبەری هەولێردا گوتی: "ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیمانە لە سنووری ٣٧ شارەوانی، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، پرۆسەكە لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی بەحركە دەستپێدەكات و زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سەرجەم دامودەزگەكان دابەش دەكرێت و تیروپشك بۆ نزیكەی چوار هەزار ناوی فەرمانبەران لە سەرجەم وەزارەتەكان كە دانیشتووی سنووری بەحركەن دەكرێت".
ساسان عەونی، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە لە سنووری شارەوانییەكانی تردا گوتی: "هەر چەند ڕۆژ جارێك سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، تیروپشك بۆ دابەشكردنی زەوی دەكەن و سەرجەم نەخشەكانیش ئامادەن و كارەكان جێبەجێكراون".