Skip to the content

سەرۆکی حکومەت قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێری کردەوە

ڕۆژی یەكشەممە 20/7/2025 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر كردەوە كە ئەم قۆناغە لە ڕێگەی كۆیە تا ڕێگەی مووسڵ سەرجەم گەڕەك و ناحیە و كۆمەڵگە و ناوچە نیشتەجێكانی دەرەوەی شەقامی 120مەتریی هەولێر لێی سوودمەندن و كاركردنیش لە بەشەكانی دیكە بە باشی بەڕێوە دەچێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێوڕەسمەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بە گرنگیی پڕۆژەكە و دیدگای ستراتیژییانە و هەوڵەكانی سەرۆكی حكومەت لە بواری سێكتەری ئاودا كرد و گوتی: گەورەپڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی خواردنەوە، هەولێری پایتەخت لە گرفتی لەمێژینەی دەیانساڵەی کەمئاوی ڕزگار دەکات و بۆ دەیان ساڵی دیکەش گرفتی کەمئاوی چارەسەر دەکات. ئەو پڕۆژەیە ڕوانین و دووربینینی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە خەونێکەوە کردە واقیع و بە بڕیارێکی گرنگ کێشەیەکی لەمێژساڵەی چارەسەر کرد و مژدەی بەردەوامیی ئاوەدانیی هەولێر و کوردستانی ڕاگەیاند.
هەروەها وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: دیدگای ستراتیژیی سەرۆكی حكومەت بۆ چارەسەری پرسی ئاو، تەنیا لەم پڕۆژەیەدا ڕەنگی نەداوەتەوە، بەڵکوو پڕۆژە هاوشێوەکانی دیکەش، پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ و دەوربەری و پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و بێستانە و گوندەکانی و چوونەپێشەوەی کارەکانی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ و دانانی خزمەتگوزاریی ئاو بە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی کاری حکومەت، شاهیدی ئەو دیدگا و خەمخۆرییەن کە سەرۆكی حكومەت بۆ پرسی ئاو هەیانە، جگە لە دروستکردنی دەیان بەنداو و پۆند بۆ گلدانەوەی ئاوی سەرزەوی و بەفیڕۆنەچوونی ئەو سامانە گرنگە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وردەكاریی لەبارەی پڕۆژەكە خستە ڕوو و ڕایگەیاند: ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە گەورەکان لەسەر ئاستی عێراق و بە ژێرخانێکی گرنگی سێکتەری دابینکردنی ئاو لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت، چوارەمین وێستگەی چارەسەری ئاوە لە شاری هەولێر و گەورەترین وێستگەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کە پێک هاتووە لە وێستگەی چارەسەری ئاو کە توانای دابینکردنی ٤٨٠ هەزار مەترسێجا ئاوی هەیە لە ڕۆژێکدا، لەگەڵ هێڵی گواستنەوەی سەرەکی لە ڕێگەی ٢٠٤ کم لە بۆری جۆری کاربۆن ستیل بە تیرەی جیاواز و بە گوژمەی ٤٨٠ ملیۆن دۆلار کە لەلایەن کۆمپانیای هێمن گرووپ جێبەجێ دەکرێت. ئەم پڕۆژەیە لە ڕووی توانای دابینکردن و دیزاین و جێبەجێکردن و لەڕووی تەکنۆلۆژیای بەکارخستن و ئەندازەییەوە بە یەکەمین وێستگە دادەنرێت لەسەر ئاستی عیراق و بۆ یەکەمجارە بەو خێراییە و بەو ئاستەبەرزەی کار پڕۆژەیەکی وا جێبەجێ بکرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەشڵێت: ئەم پڕۆژەیە ڕاستە چوارەمین پڕۆژەی ئاوە بۆ شاری هەولێر لە دوای پڕۆژەکانی ئیفراز (١و ٢ و ٣) و بە هەر سێ پڕۆژەكە ٣٠٠ هەزار مەترسێجا ئاو بەرهەم دەهێنن، بەڵام بەتەنیا ئەم پڕۆژەیە بەقەد هەر سێ پڕۆژەكەی پێشتر و بە زیادەی ١٨٠ هەزار مەترسێجا، ئاو لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنێت. بە تەواوبوونیشی زیاتر لە ١٠٠٠ بیر دادەخرێن و بەمەش سامانی ئاوی ژێرزەویمان دەبووژێتەوە. تەنیا لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا (١٨٠) بیر ڕاگیراون و وا مەزەندە دەکەین تاکوو ١٠ ڕۆژی دیکە، ژمارەی بیرە ڕاگیراوەکان ببێتە (٣٠٠) بیر. هەروەها گوتیشی: لەسەر ئاستی عێراق یەکەمجارە بەفیڕۆچوونی ئاو لە پڕۆژەیەکدا سفر بێت، ئەمەش بە هۆی سیستەمێکی پێشکەوتووی دووبارە بەکارهێنانەوی ئاو لە ناو وێستگەکەدا.
لە ئێستادا قۆناغی یەکەمی پڕۆژە کە بریتییە لە هێڵی MR02 کە تیرەکەی ١٢٠٠ ملیمە و ٨ هێڵی لاوەکی، تەواوی گەڕەکەکانی دەرەوەی بازنەی شەقامی ١٢٠ مەتری، هەر لە شەقامی کۆیەوە تاکوو شەقامی موسڵ بە قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری هەولێر ئاو دابین دەکات کە زیاتر لە ١٢٠ هەزار خێزان سوودمەندن و ڕۆژانە لەو هێڵەوە نزیکەی ١٣٥ هەزار مەترسێجا ئاویان بۆ دابین دەکرێت.