Skip to the content

لیژنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پڕۆسەی وردبینیكردنی فۆڕمی زەویی فەرمانبەرانیان بە سەركەوتوویی تەواو كرد

لیژنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پڕۆسەی وردبینیكردنی فۆڕمی زەویی فەرمانبەرانیان بە سەركەوتوویی تەواو كرد؛ کە زیاتر لە ٤٨٠ هەزار فۆڕم دەبن. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش ڕێز و سوپاس دەبەخشێتە تیمەكە و هەر ئەمڕۆش لە هەولێر دابەشكردنی ١٥هەزار پارچە زەویی دیكە ڕادەگەیەنێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دەستخۆشی لە ئەندامانی تیمەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرد؛ بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەركە گرنگەی وردبینیكردنی فۆڕمەكانی سەرجەم فەرمانبەرانی حكومەت، كە لە ماوەیەكی دیاریكراو و زۆر بەپەلە سەرجەم كارەكانیان تەواو كرد. هەروەها هیوای خواست لە ئەركی هاوشێوەیاندا بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و فەرمانبەران بەردەوام بن. هاوكات هیوای خواست فەرمانبەران سوود لە زەوییەكانیان وەربگرن و ببێتە هۆی ئاسانكاریی بۆ ژیانیان و ئاوەدانكردنەوەی زیاتری هەرێمی كوردستان.
لە مانگەكانی كۆتاییی ساڵی ڕابردوودا، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاریدا بە دابەشكردنی زەویی بەسەر سەرجەم فەرمانبەران؛ هەر ئەوكات ئەو لێژنەیە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، دامەزرێندرا و بەشێوەی تیمی بەیانیان و ئێواران و شەوان، كاریان لەسەر وردبینیكردنی فۆڕمی سەرجەم وەزارەت و دەستە و فەرمانگەكان كرد. ئێستاش سەرجەم كارەكانیان كۆتاییی هاتووە و وردبینیكردن بۆ سەرجەم فۆڕمەكان تەواو كراوە و پڕۆسەكە بە سەركەوتوویی تەواو كرا.
ئێستا زیاتر لە ٤٨٠ هەزار فۆڕمی فەرمانبەران وردبینیان بۆ كراوە و فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانی وەزاری و كارگێڕییان بەمەبەستی وەرگرتنی زەویی بۆ دەرچووە.
پڕۆسەی دابەشكردنی زەویی بەسەر فەرمانبەراندا، بە چەند قۆناغێك كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و هەزاران فەرمانبەر زەوییان وەرگرتووە. ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی تەمموزی ٢٠٢٥، لە سنووری شارەوانیی بەحركە نزیكەی چوار هەزار فەرمانبەر زەوییان وەرگرت و ڕۆژی پێنجشەممەش، ١٧ی تەمموزی ٢٠٢٥، لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، زیاتر لە ١٥ هەزار فەرمانبەری دیكە زەویی وەردەگرن و پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی لە سەرجەم شارەوانییەكان بەردەوام دەبێت.