Skip to the content

لە قۆناغی دووەمی دابەشكردنی زەویدا نزیكەی 14 هەزار پارچە زەویی دیكە لە شاری هەولێر ڕاگەیەندرا

بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەندازیار كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر و ژمارەیەكی تر لە بەرپرسانی حكومی و نوێنەری وەزارەتەكان، قۆناغێكی دووەمی دابەشكردنی زەوییان ڕاگەیاند؛ لەم قۆناغەدا نزیكەی ١٤هەزار پارچە زەویی تیروپشكیان بۆ كرا و بەسەر فەرمانبەران دابەشكران.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێت: "پرۆسەكە بە باشی بەڕێوە دەچێت و بەردەوام دەبێت. وردبینی بۆ ٤٨٠ هەزار فۆڕم كراوە و لە ماوەیەكی نزیكدا سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی فەرمانی وەرگرتنی زەویان بۆ دەرچووە زەوی وەردەگرن".
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن ڕایگەیاند: "جێگەی خۆشحاڵییە كە لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، قۆناغی دووەمی دابەشكردنی زەوی، كە نزیكەی ١٤هەزار پارچە زەوییە لە شاری هەولێر ڕادەگەیەنین و تیروپشك بۆ زەوییەكان دەكرێت و بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەكرێت. دابەشكردنی زەوی، نزیكەی ١٥ ساڵ بوو وەستابوو، بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاریدا بە دابەشكردنی زەوی بەسەر سەرجەم فەرمانبەران، لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان".
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی كۆتاییهاتنی كاركردن لە فۆڕمەكان، گوتی: "ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كۆتاییمان بە كاركردنی لێژنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوار بۆ وردبینیكردنی فۆڕمەكان هێنا؛ كە ماوەی ٩ مانگ بوو بەردەوام بە شەو و ڕۆژ كاریان دەكرد، بۆ وردبینیكردن و ئامادەكردنی لیستی ناوی ئەو فەرمانبەرانەی لە وەزارەتەكانەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەنێردران".
گوتیشی: "تا ئەمڕۆكە لیستی ئەو ناوانەی فەرمانیان بۆ دەرچووە، ٤٣٢ هەزار فەرمانبەرن، فەرمانیان بۆ دەرچووە. هاوكات نزیكەی ٣٠ هەزار فەرمانبەری دیكەش لیستەكانیان ئامادەكراوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوو فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانیان بۆ دەردەچێت و بە تەواوبوونی ئەم لیستەش دەگاتە نزیكەی ٤٨٠ هەزار فەرمانبەر، كە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەردەچێت لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان. ئەم قۆناغەی ئەمڕۆی دابەشكردنی زەوی لە هەولێر نزیكەی ١٤ هەزار پارچە زەویی دابەش دەكرێت بەپێی ئەو نەخشانەی ئامادەكراون. لە هەمان كاتدا ئەو جوتیارانەی مافی ڕەفتاركردنیان هەیە و خاوەن موڵكەكان بە هەمان شێوە مافەكانیان دیاریكراوە و بەپێی یاسا لەو شوێنانەی بۆیان دیاریكراوە، زەوییان پێدەدرێت".
لەکۆتاییدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سوپاسی سەرجەم وەزارەت و پارێزگای هەولێر و ئەندازیارانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و ئەو لایەنانەی كرد، کە كاریان لە پرۆسەی دابەشكردنی زەویدا كردووە. هاوكات پیرۆزبایی لەو فەرمانبەرانەش كرد كە ئەمڕۆ زەویان بۆ دەرچوو و ئاماژەی بەمەش كرد ئەم پڕۆسەیە لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت و زۆر بەباشیی بەڕێوە دەچێت. هەر فەرمانبەرێكیش گرفت لە ناوەكەیدا هەبێت یان ناوی دەرنەچووبێت، لیژنەكان بەردەوام دەبن لە كاركردن و هیچ فەرمانبەرێك مافی نافەوتێت و سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی فەرمانی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە لە ماوەیەكی نزیكدا زەوی وەردەگرن.