Skip to the content

بە گوژمەی 3 ملیار و 481 ملیۆن دینار بەردی بناغەی پرۆژەی دروستكردنی شەقام له‌ بەحركە دانرا

لەژێر چاودێريی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەكی دیكە لە بەڕێوەبەر و ئەندازیاران، لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەردی بناغەی پرۆژەی دروستكردنی سەرجەم شەقامە ناوخۆیی و سەرەكییەكانی كەرتی 48ی پێشمەرگە لە بەحركە دانرا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر پێگەی پرۆژەكە ڕایگەیاند: خۆشحاڵین ئەمڕۆ بەردی بناغەی پرۆژەیەكی گەورەی خزمەتگوزاريی دروستكردنی شەقامە ناوخۆیی و سەرەكییەكان لە كەرتی 48ی پێشمەرگە لە بەحركە دادەنێین. لەبارەی گوژمەی پرۆژەكەیشەوە ساسان عەونی، دەڵێت: گوژمەی پرۆژەكە 3 ملیار و 481 ملیۆن دینارە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار. هه‌روه‌ها گوتیشی: پرۆژەكە بۆ ئەوەی هیچ گرفتێكی نەیەتە پێش و كارەكانی نەوەستێت و لە كاتی خۆیدا تەواو بێت، بەشێوەی ڕاستەخۆ لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە جێبەجێ دەكرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەخت لەسەر بەردەوامی پڕۆژەكان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان دەكاتەوە و لەمبارەیەوە گوتیشی: هەموو ئەو پڕۆژە و كارانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیانكات، بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێن، جەختیشی كردەوە كارە خزمەتگوزارییەكانی حكومەت بەردەوام دەبن بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان.