پرۆژەی ستراتیژیى پشتێنەی سەوزایيی هەولێر تاووتوێ کرا

ڕۆژى چوارشەممە ٤ی حوزهيرانى ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و لایەنى دیکەی پەیوەندیدار، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە کارەکانى جێبەجێکردنى پرۆژەی گرنگ و ستراتیژیى پشتێنەی سەوزایيی هەولێر ئەنجام درا.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى پرۆژەی پشتێنەی سەوزایيی شاری ھەولێر کرا کە لەژێر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەپێناو کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا، لە چوارچێوەی ماستەرپلانى شارى هەولێردایە و گرنگیی زۆری هەیە. لەم پڕۆژەیەدا بڕیارە چهندان ملیۆن دار لە دەوروبەری شارى هەولێر بچێندرێن و لەگەڵیاندا چەندان پۆندی گلدانەوەی ئاویش دروست دەکرێن و دەبێتە چارەسەرێکی گونجاو بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و دیاردەی خۆڵبارین و بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی لە شارەکەدا.
بۆ ئەو مەبەستەش دواى بەدواداچوون و بەرچاوڕوونيى لەبارەى قۆناغەکانى کارکردن لەو پرۆژەیەدا، کۆبوونەوە وێڕاى داڕشتنى ڕێوشوێن و میکانیزمى پێویست، بڕیارى پێکهێنانى لیژنەیەکى هاوبەشیدا لەنێوان فەرمانگە و دامەزراوەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی هەر گرفت و کیشەیەک هەبێت لەوبارەیەوە.
جێگەى باسە، پشتێنەی سەوزایيی هەولێر، پرۆژەیەکى ستراتیژى و گرنگى هەولێرى پایتەختە و بەشێوەی بازنەیی بە چواردەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە و دەکەوێتە دوای شەقامی ١٥٠ مەتری، پانی پشتێنەکە دوو کیلۆمەترە، لەگەڵ دروستکردنى زیاتر لە ١٠ پۆند، بڕیارە لەو پرۆژەیەدا داری زەیتوون و فستق بچێنرێن، ئامانج لە پرۆژەکە جگە لە زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی، پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکانە کە بۆ پرۆژەی ناکشتوکاڵی وەک وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون بەکارنهيهت.