وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوون بۆ كارەكانی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە هەولێر و دهۆك و سۆران و زاخۆ دەكات

ڕۆژى دووشەممە ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پرۆسەی دابەشكردنی زەوی كرد، كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و كاروباری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و دهۆك و سۆران و زاخۆ، بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و دهۆك و سۆران و زاخۆ و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی ئەو سنوورانە بەڕێوەچوو.
كارەكانی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە هەولێر و دهۆك و سۆران و زاخۆ بە باشی بەڕێوە دەچن و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش بۆ باشتر بەڕێوەچوونی كارەكانیان، بەدواداچوونی بۆ پرۆسەكە كرد و لە گرفت و داواكارییەكانی كۆڵییەوە.
سەرۆك و بەڕێوەبەرانی شارەوانییەكان بە داتا زانیارییان لەبارەی كارەكانیان خستەڕوو، هاوكات گرفتەكانی بەردەم پرۆسەكەشیان باس كرد و پێشنیاری چارەسەریش خرایەڕوو، دواتر لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارهوه سەرجەم شارەوانییەكان ڕاسپێدران تاوەكوو ١٨ی ئەم مانگە ڕاپۆرتێكی وردەكاری سەبارەت بە كارەكانی پرۆسەكە ئامادە بكەن و تێیدا بە وردی كارە ئەنجامدراوەكان و گرفتەكان و پێشنیارەكان بخەنەڕوو، بۆ ئەوەی پرۆسەكە بەبێ گرفت هەنگاوی باشتر بنێت و سەرجەم فەرمانبەران كە مەرجەكان دەیانگرێتەوە، زەوی وەربگرن.
ساسان عهونى جەختی لەسەر بە باشی بەڕێوەبردنی پرۆسەكە لەلایەن شارەوانییەكانەوە كردەوە و ئاماژەی بەوەش كرد پێویستە پەلە لە پرۆسەكەدا بكەن و ئەو گرفتانەی لە كاتی كاركردن لە پرۆسەكەدا دێنه بەردەم شارەوانییەكان بەزوویی چارەسەری پێویستیان بۆ بدۆزرێتەوە و پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە سنووری سەرجەم شارەوانییەكان زۆر بە باشی بەڕێوە بچێت.