وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوون بۆ كارەكانی پرۆژەی سەوزكردنی یەكتربڕی شەقامی هەولێر- مووسڵ دەكات

ڕۆژى یەکشهممه ٢ى ئادارى ٢٠٢٥، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە یاوەری كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانيی هەولێر، بە مەبەستی بەدواداچوونی كارەكان و لەنزیكەوە ئاگهداربوون لە چۆنیيەتی بەرەوپێشچوونی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پرۆژەكە، سەردانی پرۆژەی سەوزكردنی یەكتربڕی شەقامی هەولێر- مووسڵ لەگەڵ شەقامی خێرای ١٢٠م لە شاری هەولێر كرد.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ سەرپەرشتیار و تیمی ئەندازیاريی جێبەجێكاری پرۆژەكە گفتوگۆی كرد و بەدواداچوونی بۆ كارەكان كرد و ئامادەیی هەر جۆرە هاوكاری و ئاسانكاریيەكی دەربڕی.
جێگەی باسە، ئەو پرۆژەیە، بەپێی ڕێنمایی و لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ڕووبەری ٢٠٥ ههزار مهتر دووجا جێبەجێ دەكرێت، كاری سەوزكردنی تێدا دهكرێت و نزیكەی ٣٠ هەزار داری تێدا دەڕوێندرێت لەگەڵ ١٠ هەزار گوڵ و نەمامی بچووك و بە ڕووبەری زیاتر لە ٢٠ ههزار مهتر دووجاش چیمەنی لێ دەڕوێندرێت، هەروەها لێدانی بیری ئاو و خەزانی كۆكردنەوەی ئاو و دانانی سیستەمی ئاودێری بۆ ئاودانی ئەو ناوچە سەوزاییە.