پرۆژەی سەوزكردنی ئاڵوگۆڕی شەقامی هەولێر - شەقڵاوە بۆ هەولێر - پیرمام جێبەجێ دەكرێت

ڕۆژى یەکشهممه ٢ى ئادارى ٢٠٢٥، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانيی هەولێر، سەردانی پرۆژەی سەوزكردنی ئاڵوگۆڕی شەقامی هەولێر - شەقڵاوە بۆ هەولێر- پیرمامی كرد.
ئەو پرۆژەیە لە چوارچێوەی پلانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر و بایەخدانی زیاتر بە پرد و یەكتربڕەكانی شاری هەولێر لە ڕووی سەوزكردن و جوانكارییەوە جێبەجێ دەكرێت.
ڕووبەری پرۆژەكە ٥٠ هەزار مەترە و زیاتر لە ههزار و ٤٠٠ دار و گوڵ و لەگەڵ چەندین خەزانی ئاو و چیمەن و سیستەمی ئاودان و ڕووناككەرەوە و چەندین تایبەتەمەنديی دیكەش لەخۆدەگرێت و هەوڵدەدرێت لەمساڵدا تەواو بكرێت و بەڕووی هاووڵاتییانی شاری هەولێر و دەوروبەری بكرێتەوە.
ئێستا كاركردن لە پرۆژەكەدا بە باشی بەڕێوەدەچێت، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەیی هەر جۆرە هاوكاری و ئاسانكارییەكی بۆ تیمەكانی جێبەجێكاری پرۆژەكە دەربڕی بۆ ئەوەی لەمساڵدا تەواو بكرێت.