بەردی بناغەی پرۆژەیەكی نوێ لە كەرتی ههشتی حەسارۆك دانرا

لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژەیەكی ديكهى خزمەتگوزاریی دروستكردنی شەقام لە گەڕەكی ههشتی حەسارۆك كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی ئاداری ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و كۆمپانیای جێبەجێكار و ئەندازیارانی پرۆژەكە، بەردی بناغەی پرۆژەی كاری خۆڵكاری، بۆ بەشێك لە شەقامە ناوخۆییەكانی زۆنی A لە كەرتی ههشتی حەسارۆك دانرا.
گوژمەی ئەو پرۆژەیە زياتر له ٦٨٨ مليۆن دینارە و بریتییە لە كاری خۆڵكاری بۆ بەشێك لە شەقامە ناوخۆییەكانی ئەو زۆنەی گەڕەكەكە و بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە ئاستی گەیاندنی خزمەتگوزاریی دروستكردنی شەقام بەرزتر دەبێتەوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر لەگەڵ تیمی ئەندازیاری جێبەجێكاری پرۆژەكە گفتوگۆیان كرد و جەختیان لە هەر جۆرە هاوكاری و ئاسانكارییەك بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە كردەوە.