كاركردن له پرۆژهى تۆڕى ئاوى خواردنهوه له شارى ههولێر بهردهوامه

كاركردن لە گەورەپرۆژەی دانان و دابەشکردنی تۆڕی ئاوی ناوخۆ لە هێڵە لاوەکییەکان و بەستنەوەی بە هێڵە سەرەکییەکانی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ ناو شاری هەولێر بە باشی بەڕێوە دەچێت و بەرەوپێشچوونی زۆر باشی بەخۆیەوە دیوە.
پرۆژەی تۆڕی ئاو لە هەولێر، یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەكانی حكومەت بۆ باشترکردنی سیستەمی دابەشكردنی ئاو و دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ دانیشتووانی شاری هەولێر كە درێژییەكەی 411 کیلۆمەترە و بە گوژمەی نزیكەی 25 ملیار دینار، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.
20ی شوباتی 2025 لەلایەن ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بەردی بناغەی ئەو پرۆژەیە دانرا، كە سنووری هەر شەش شارەوانییەكەی شاری هەولێر و ژمارەیەك شارەوانیی دیكەی دەوروبەری هەولێر لێی سوودمەند دەبن.
لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەكەدا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: ئەو پرۆژەیە بە یەكێك لە شاكارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەت و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، بۆ خزمەتكردنی زیاتری دانیشتووانی شاری هەولێر و دەوروبەری.
شايانى باسه بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە زیاتر لە 1000 بیری ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر و دەوروبەری دادەخرێن و زیاتر لە 248 هەزار ماڵ لێی سوودمەند دەبن، كە 63 هەزار هاوبەشیان لە دەرەوەی شاری هەولێرن.