وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدوداداچوون بۆ كارەكانی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و 72 گوندی سنوورەكە دەكات

ئەمڕۆ سێشەممە 18ی ئاداری2025 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری بژار مەلا خدر، قائیمقامی قوشتەپە و ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەری ناحیەی بیستانە و بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر و تیمی ئەندازیارانی جێبەجێكاری پرۆژەكە، سەردانی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوربەری لەسەری زێی بچووك لە قەشقە كرد.
جێگەی باسە، ڕۆژی 17/9/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری لە سنووری پارێزگەی هەولێر دانا و لە گوتارێكدا باسی لە گرنگیی پڕۆژەكە بۆ دەڤەرەكە و بووژانەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی سنوورەكە كرد.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەرەوپێشچوونی كارەكان و بەدواداچوونی پرۆژەكە، ئەمڕۆ سێشەممە سەردانی وێستگەی سەرەكی لە قەشقە و خەزانەكانی بانەبۆران و كانی بزرەی كرد و گفتوگۆی لەگەڵ تیمی جێبەجێكاری پرۆژەكە كرد و بە چۆنیەتی بەرەوپێشچوونی پرۆژەكەی كۆڵییەوە.
ساسان عەونی، لەمیانەی سەردانەكەیدا لەسەر زێی بچووك جەختی كردەوە كە پرۆژەی ئاوی قوشتەپە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت كە تەواوكەری پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێرە بۆ دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ هەولێر و دەوروبەری.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەستخۆشی لە تیمی جێبەجێكاری پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری كرد كە تاوەكوو ئێستا زۆر بە باشی كارەكانیان ئەنجامداوە و هەنگاوی زۆر باش چووەتە پێشەوە و ئێستاش كاركردن تێیدا بە باشی بەڕێوە دەچێت، گوتیشی ئەو پرۆژەیە دەبێتە هۆی چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لە قوشتەپە و بیستانە و 72 گوندی سنوورەكە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش كرد: ئەو پرۆژەیە یەكێكە لە دەستكەوتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بە ڕێنمایی و فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.
گوژمەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری 189 ملیار دینارە لەگەڵ 22 ملیار دیناری دیكەش بۆ تۆڕەكانی دابەشكردنی ئاو بۆ قوشتەپە و ناحیەی بیستانە و گوندەكان. پرۆژەكە لە سێ وێستگەی سەرەكی پێكدێت، وێستگەی سەرەكی لەسەر زێی بچووك لە قەشقە و خەزانی بانەبۆران كە خەزانێكی ناوەندییە و خەزانی كانی بزرە.
ئەو پرۆژەیە لە هەر کاتژمێرێکدا 3 هەزار و 300 مەتر سێجا ئاو لە ڕووبارەكە وەردەگرێت و توانای بەرهەمهێنانی سێ هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێنی لە کاتژمێرێکدا هەیە بە گوێرەی ستانداردە عێراقی و جیهانییەكان. نزیكەی 40 كلیۆمەتر بۆری كاربۆن ستیل درێژی بۆرییەكە، هەروەها 251 كیلۆمەتریش بۆری پۆلی ئەثیلین ((HDPE بۆ دابەشكردنی ئاو بۆ ناو قوشتەپە و ناحیەی بیستانە و گوندەكان لەخۆدەگرێت.
قوشتەپە و ناحیەی بیستانە و 72 گوندی سنوورەكە لێی سوودمەند دەبن و دەبێتە هۆی ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچە فراوانەی قوشتەپە و دەوروبەری و ناوچەی پیشەسازی لە سنوورەكە. هەروەها بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە زیاتر لە 110 بیری ئاوی خواردنەوە لە كاركردن دەوەستن و ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی.