Skip to the content

فێستیڤاڵی گـوڵ و باخچـە لە پارکی شانەدەرى شارى هه‌ولێر کرایەوە

ڕۆژى پێنجشەممە ١٥ى ئايارى ٢٠٢٥، لـەژێر چـاودێریی سـاسـان عەونی، وەزیری شـارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی هەولێر و ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر و ژمارەیەکی تر لە بەڕێوەبەران و فەرمانگە و کارمەندانی شارەوانی و نەمامگەکان، چوارەمین فێستیڤاڵ و پێشانگەی گوڵ و باخچە لە پارکی شانەدەر کرایەوە و ماوەی سێ ڕۆژیش بەردەوام دەبێت.
ئەو پێشانگه‌یە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، بە سەرپەرشتیی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕێکخراوە، کە بە یەکێک لە گەورەترین پێشانگە و فێستیڤاڵی گوڵ و باخچە لە سێکتەری سەوزایی لە کوردستان دادەنرێت.
لە فێستیڤاڵەکەدا زیاتر لە چل نەمامگەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر و کشتوکاڵ و کۆمپانیا ناوخۆییەکانی بواری بەرهەمهێنانی گوڵ و سەوزایی بەشدار بوون و تێیدا گوڵ و دار و پەین و کەلوپەلی تایبەت بە باخچە و سەوزاییان نمایش کرد.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر دوای کردنەوەی پێشانگەکە، سەرجەم نەمامگە و کۆمپانیا و ستاند و بەشەکانی فێستیڤاڵەکەیان بەسەر کردەوە و دەستخۆشیيان لە ڕێکخەران و لایەنە بەشداربووەکانی فێستیڤاڵ کرد و ئامادەیيی هەر جۆرە هاوکاری و کاراسانییەکیان دەربڕی بۆ بە باشی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە و فێستیڤاڵی دیکەش لە داهاتوودا، لەپێناو زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و هۆشیاریی ژینگەیی و چاندنی زۆرترین گوڵ و دار لەلایەن هاووڵاتییانەوە، بۆ سەوزکردنى زياترى شار و شارۆچکەکان لە هەرێمی کوردستان.