له ماوه‌ى سێ ڕۆژدا 43 هه‌زار كه‌س سه‌ردانى "پێشانگه‌ی گه‌شتیاریی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست"يان كردووه

ئێواره‌ی ڕۆژى پێنجشه‌ممه ٨ى ئايارى ٢٠٢٥، به ئاماده‌بوونی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و ژماره‌یه‌كی ديكه له به‌رپرسانی حكومه‌ت و نوێنه‌ری كۆمپانیاكان، ڕێوڕه‌سمی كۆتاییهاتنی سێیه‌مین پێشانگه‌ی گه‌شتیاریی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست - مێتێكس له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.
پێشانگه‌كه ماوه‌ی سێ ڕۆژ به‌رده‌وام بوو كه ١٥٠ كۆمپانیای ناوخۆيى و بیانی و زیاتر له دوو هه‌زار و ٨٩٠ پێشانگه و نوێنه‌ر و ٣٥٠ نوێنه‌ری میدیا و ستافی ته‌له‌فزیۆنیش تێیدا به‌شداربوون. به‌پێی ئامارێكی پێشانگه‌ی مێتێكس، له‌م سێ ڕۆژه‌دا ٤٣ هه‌زار كه‌س سه‌ردانی پێشانگه‌یان كردووه.
ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له ڕێوڕه‌سمی كۆتاییهاتنی پێشانگه‌كه‌دا، وتارێكی پێشكه‌ش كرد و تێیدا سوپاسی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی گه‌شتوگوزار و ڕێكخه‌ران و كارمه‌ندانی پێشانگه‌كه و كۆمپانیا خۆماڵی و بیانییه‌كانی كرد، جه‌ختیشی له‌سه‌ر گرنگیی ئه‌و جۆره پێشانگایانه بۆ په‌ره‌پێدانی سێكته‌ری گه‌شتوگوزار كرده‌وه. هاوكات ڕۆڵی كه‌رتی تایبه‌تی له په‌ره‌پێدانی سێكته‌ری گه‌شتیاریدا به گرنگ وه‌سفكرد و هیوای خواست له ساڵانی داهاتوودا په‌ره‌ی زیاتر به‌و پێشانگه‌یه بدرێت.