Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوون بۆ دوایین كارەكانی پڕۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە دەكات

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ لێژنەكانی سەرپەرشتیاری و بەدواداچوونی پرۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە، كۆدەبێتەوە و بەدواداچوون بۆ دوایین كارەكانی ئامادەكردنی ماستەرپلانی شارەكە دەكات و جەخت دەكاتەوە كە پرۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە، یەكێكە لە پرۆژە گرنگەكانی حكومەت و پێویستە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئامادەبوونی ڕاوێژكار، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەڵەبجە، سەرۆك و ئەندامانی لێژنەكانی سەرپەرشتیاری و بەدواداچوونی پرۆژەكە بەڕێوەچوو؛ تێیدا دوایین زانیارییەكان لەبارەی بەرەوپێشچوونی پرۆژەكە و ئاستەنگییەكانی بەردەمی و چارەسەركردنیان تاووتوێ كران.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیشكی خستە سەر گرنگیی پرۆژەكە بۆ شاری هەڵەبجە، بەوەی دەبێتە هۆی گەشەكردن و بووژانەوەی شارەكە و گرنگییەكی زۆری بۆ دانیشتووانی شاری هەڵەبجە دەبێت. ئاماژەی بەوەش كرد ئەم پرۆژەیە لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ پارێزگەی هەڵەبجە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاریدا ماستەرپلان بۆ هەڵەبجە دابنرێت، بۆ ئەوەی شارەكە ببێتە خاوەن ماستەرپلانی خۆی.