وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار: لە سێ مانگی داهاتوودا هێڵی یەكەمی پرۆژەی ئاوی هەولێر تەواو دەبێت

- ساسان عەونی: تێچووی بەرهەمهێنانی ئاو ساڵانە 158 ملیار دینارە
لە ڕۆژی ئاوی كۆماری چیكدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت تێچووی ساڵانەی بەرهەمێنانی ئاوی خاوێن 158 ملیار دینارە و ساڵانەش 120 هەزار تێستی كیمیایی و بایۆلۆژی بۆ ئاوى خاوێن دەكرێت، دەشڵێت لە سێ مانگی داهاتوودا هێڵی یەكەمی پرۆژەی ئاوی هەولێر تەواو دەبێت و هەوڵیش دەدەین چیتر پشت بە ئاوی ژێرزەوی نەبەستین.
ڕۆژى سێشهممه 13ى ئايارى 2025، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و كونسولی چیك و بەڕێوەبەرانی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاوی كۆماری چیك و ژمارەیەكی تر لە كۆمپانیای ئاوی ئەو وڵاتە، ڕێوڕەسمی "ڕۆژی ئاوی كۆماری چیك" بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا هەر یەكە لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و كونسوڵی چیك وتاریان پێشكەش كرد و تیشكیان خستە سەر هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ پاراستنی سامانی ئاو و بەرهەمهێنانی ئاو لە كوردستان، هاوكات پرزنتەیشنێك لەبارەی ئاوی چیك پێشكەش كرا.
ساسان عەونی لە سەرەتای وتارەكەیدا خۆشحاڵيی خۆی بەم ڕێوڕەسمە تایبەت بە ڕۆژی ئاوی چیك نیشان دا و هیوای خواست ئەم دیدارە ببێتە مایەی پەیوەندییەكی پتەوتر لەنێوان هەردوو گەلی كوردستان و گەلی چیك و جەختیشی كردەوە ئەم دیدارە سەرلمێنەری ئەوەیە پەیوەندییەكی پتەو لەنێوان هەردوولادا هەيه و هیواشی خواست ئەو پەیوەندییانە تەنیا لە بواری ئاودا نەبن، بەڵكوو سەرجەم سێكتەرەكانی دیكەش بگرێتەوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەو بۆنەیە دەرفەتێكە بۆ ئەوەی باس لە سێكتەری ئاوی هەرێمی كوردستان بكات و لەمبارەیەوە گوتی: هەرێمی كوردستان دەوڵەمەندە بە سامانی ئاو و سەرچاوە جۆراوجۆرەكانی، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، بۆ دابینكردنی ئاوی پاكی خواردنەوە دیدگایەكی تایبەت و ستراتیژی هەبووە و كاری پێویست لە بواری ئاودا كراوە، وەك دروستكردنی پۆند و بەنداو و پرۆژەی ستراتیژی بۆ بەرهەمهێنانی ئاو، لە ماوەی ڕابردوودا پرۆژەی زۆر گرنگ و ستراتیژی جێبەجێ كراون، گرنگترینيان پرۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، كە ئێستا زیاتر لە 70%ی تەواو بووە و لە سێ مانگی داهاتوودا هێڵی یەكەمی تەواو دەبێت، هەروەها پرۆژەی ئاوی قوشتەپە كە بەشی زۆری كارەكانی تەواو كراوە، لەگەڵ پرۆژەكانی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ و ئاكرێ، كاركردن و تەواوكردنی پرۆژەی 51 گوندی بارزان و پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان و پرۆژەی ئاوی دووكان - سلێمانی و چەندان پرۆژەی دیكەش، لەگەڵ دروستكردنی چەندین پرۆژەی تۆڕەكانی دابەشكردنی ئاو و نۆژەنكردنەوەیان.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوەش، گوتی: تێچووی ساڵانەی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە سەرەڕای قەیرانەكان 158 ملیار دینارە، هەروەها ساڵانە 120 هەزار تێستی كیمیایی و فیزیایی و بایۆلۆژیش بۆ ئاوی خواردنەوە دەكرێن، بۆ ئەوەی كوالێتيی ئاو بەگوێرەی ستانداردەكان بێت، بە گشتی بارودۆخی بەرهەمهێنانی ئاو لە كوردستان بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە دیوە.
سەبارەت بە پلانی كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئاوی ژێرزەویش، ساسان عەونی گوتی: ڕوانگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەوەیە هەوڵ دەدەین 100% پشت بە بەكارهێنانی ئاوی سەرزەوی ببەستین و چیتر ئاوی ژێرزەوی بەكار نەهێنین كە تەنیا بە تەواوبوونی هەردوو پرۆژەكەی ئاوی هەولێر و قوشتەپە زیاتر لە هەزار و 100 بیر دادەخرێن.