Skip to the content

تیروپشك بۆ دابەشكردنی 16 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی بنەسڵاوە و دارەتوو و كەسنەزان لە پارێزگەی هەولێر كرا

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، تیروپشك بۆ دابەشكردنی نزیكەی ١٦ هەزار پارچە زەوی بۆ فەرمانبەرانی سنووری سەرۆكایەتییەكانی شارەوانیی بنەسڵاوە، دارەتوو، كەسنەزانی سەر بە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر كرا.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتەیەكی پێشكەش كرد و خۆشحاڵیی خۆی بە دابەشكردنی زەوییەکان بەسەر فەرمانبەران و خاوەن زەوییەكان ڕاگەیاند و لەمبارەیەوە گوتی: خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە پرۆسەیەكی دیكەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سنووری هەر سێ سەرۆكایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوە، دارەتوو و كەسنەزان نزیكەی ١٦ هەزار پارچە تیروپشكیان بۆ دەكرێت.

ساسان عەونی گوتیشی: پرۆسەی تیروپشكی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئەو دەستكەوتەیە كە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی كردووە بە پێدانی پارچەیەك زەوی. بە دەستخۆشییەوە لە زۆربەی سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی لەنێویاندا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، پرۆسەی دابەشكردنی زەوی زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و ئەم پرۆسەیەی ئەمڕۆش یەكێكە لە پرۆسە گەورەكانی دابەشكردنی زەوی لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و ئەو زەوییانەش لە باشترین شوێنەكان بۆ فەرمانبەران دابین كراون، دڵنیاییش دەدەینە فەرمانبەرانی شوێنەكانی دیكە كاری فەرمانگە پەیوەندارەكان بۆ جێبەجێكردنی كارە هونەری و یاساییەكان بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە قەرەبووی جووتیاران و خاوەن زەوییەكان، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە كرد خاوەن مافەكانی ئەوانیش تێیدا ڕەچاو كراوە و ئەوانیش لەگەڵ ئەو پرۆسەیەدا بە مافەكانی خۆیان دەگەن.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: پرۆسەی تیروپشكەكە زۆر شەفاف و بە متمانە و بەشێوەی ئەلیكترۆنی كراوە و بەناوی سەرجەم فەرمانبەرانیشەوە سوپاسی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ ئەو بڕیارەی دابەشكردنی زەوی كە فەرمانبەران لە سایەی ئەو بڕیارەدا لە وەرگرتنی زەویدا سوودمەند دەبن و دەبنە خاوەن زەویی خۆیان. هەروەها جەختیش لەوە دەكەینەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە كارە خزمەتگوزارییەكانی بەتایبەتی لە بابەتی زەویدا، لە هەموو ئەو شوێنانەی تاوەكوو ئێستا پرۆسەكە تێیاندا بە باشی بەڕێوە نەچووە، جەخت دەكەینەوە لەو شوێنانەش فەرمانگەكان كاری پێویستی خۆیان دەكەن.