ساسان عەونی: به فهرمانى سهرۆكى حكومهت بەزووترین كات دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی "ڕێڕەوی ژیان" دهكرێت
- دیزاینی پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان درێژاییەكەی ٢٥ كیلۆمەترە لە گەڕەکی هەولێری نوێوە تا ڕێگەی کەرکووک.
- ڕێڕەوی ژیان ئەم ناوچەیە لە شوێنی فڕێدانی خاشاکەوە دەگۆڕێت بۆ شوێنێکی پێشکەوتووی گەشتیاری لە هەولێر.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناخەی پرۆژەی "ڕێڕەوی ژیان"ی لە شاری هەولێر دانا، كە بە كۆڕنیشی هەولێر ناسراوە. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێت: نووسینگەی سەرۆکی حکومەت بودجەکەی بۆ دابین کردووە و ڕاستەوخۆش لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێبەجێ دەکرێت.
لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناخهكهى، ساسان عەونی گوتارێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوە كرد: دوو هەفتە پێش ئێستا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە کاتی دانانی بەردی بناخەی پرۆژەی قوتابخانەی ئەزهەر بەم شەقامەدا گەڕایەوە و ئەو دیمەنەی بینی کە دیمەنێکی نەشیاوە لە هەر زۆنێکی پایتەخت یان هەر شارێکمان بوونی هەبێت، بۆیە بهزوويى فەرمانی کرد دەبێت بە قۆناغ و لە دوای یەک بەپێی پلانێکی ورد، کار لەسەر گۆڕینی ئەم شوێنە بکرێت و لەو بارەی ئێستا تێیدایە بۆ بارێکی پێشکەوتوو، بۆ ئەوەی لە خزمەتی هاووڵاتییانی دانیشتووی ئەم سنوورە و شاری هەولێردا بێت. هەروەها فەرمانیشی کرد دەبێت بەزووترین کات ئامادە بکرێت و لە زووترین کاتیشدا دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی گرنگی و پێكهاتەی پرۆژەكەوە گوتی: شوێنی ئەم پرۆژەیە لاتەریک و پشتگوێخراوە كە شوێنی ڕێڕەوی لافاو و ئاوی قورس و فڕێدانی خاشاک و پاشماوەیە، ئەم پرۆژەیە هەنگاوێکە بۆ پێشخستنی ئەو ناوچەیە و گۆڕینی بۆ شوێنێک لەجێی فڕێدانی پاشماوە و زبڵ و خاشاک، دەبێتە شوێنێکی جوان بۆ هەناسەدان و پشوو وەرگرتن و کات بەسەربردن و سەوزایی و دار و درەخت. ئەم ناوچەیە لە شوێنی فڕێدانی خاشاکەوە دەگۆڕێت بۆ شوێنێکی پێشکەوتووی گەشتیاری لە هەولێر، گوتیشی: پرۆژەکەی ئەمڕۆ (ڕێڕەوی ژیان)، وەرگرتنی پارچەیەکە بە درێژایيی یەك كیلۆمەتر وەکو قۆناغی یەکەم بۆ گۆڕینی سروشت و باری ئێستای کە بارێکی ناشیاوە، بەپێی پلان و دیزاینێک بۆ شوێنێکی ئارام و پڕ دار و درەخت و سەوزایی و دروستکردنی هەلی کاری تازە و لە ئاییندەشدا بە قۆناغبەندی، کار لەسەر تەواوی درێژایيی ئەم کەناڵە دەکرێت کە درێژاییەکەی نزیکەی ٢٥ کم و لە گەڕەکی هەولێری نوێوە دەستپێدەکات تاکوو ڕێگهی کەرکووک.
سەبارەت بە پێکهاتەكانی پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان، ساسان عەونی گوتی: چاککردنی کەناڵ و ڕووپۆشکردنی بە کۆنکریت بە شێوەیەکی ئەندازەییانە. دروستکردنی شۆڵدەری تەنیشت کەناڵ و ئامادەکردنەوە و ڕێکخستنەوەی. دروستکردنی چەندان دیواری پاڵپشت بە کۆنکرێت و دروستکردنی ڕووبەری تازە. دارچاندن و سەوزکردنی ڕووبەری فراوان. دروستکردنی ڕێڕەوی غاردان و هاژۆتنی پایسکل و شوێنی وەرزشکردنی کراوە. دانانی شوێن و ڕووبەری گونجاو بۆ دروستکردنی کافێ و ڕێستۆرانت و شوێنی پشوو و کات بەسەربردنی هاووڵاتییان. دانانی ستوونەکانی کارەبا و ڕووناکی بۆ ناوچەکە.
وهزيرى شارهوانى و گهشتوگوزار گوتیشی: ئەم نموونەیە لە پرۆژە کە ئەمڕۆ کە سەرۆکی حکومەت بەردی بناخەکەی دانا، نموونەیەکە بۆ کارکردن لەسەر گۆڕینی سروشت و پێکهاتەیەکی نهگونجاو لە شارەکانمان بەپێی پلان و نەخشەدانان بۆ ئاستێکی باشتر و جوانتر کە شایان بە ژیانی هاووڵاتییانی کوردستان و پایتەخت بێت، ئەم پلان و نەخشەدانانە لە ڕوانگە و دووربینی و ویستی سەرۆکی حکومەتەوە سەرچاوەی گرتووە و بەردەوام جەختی لێ دەکاتەوە، کە هاووڵاتییانی کوردستان شایانی باشترین و خزمەتی زیاترن.
سەبارەت بە ئامادەكردنی دیزاینی پرۆژەكەش، ساسان عەونی گوتی: دیزاینی ئەم پرۆژەیە لەلایەن تیمێكی ئەندازیارانی نێوخۆیی ئامادە كراوە كە ئەمەش یەكێك بووە لە ڕاسپاردە و ڕێنماییەكانی سەرۆكی حكومەت بۆ جوانكردن و پێشخستنی شارەکانمان پشت بە توانای ئەندازیار و کۆمپانیا و سەرچاوەی مرۆیيی ناوخۆیی ببەستین. لێرەوە بە دەرفەتی دەزانم سوپاسی تەلارساز گۆران كۆیی و تیمی نووسینگە ئەندازیارییەکەی بکەم کە بە شێوەی خۆبەخشی و لە ماوەیەکی پێوانەییدا دیزاینەکەی ئامادە کردووە، هەروەها تەلارساز حەمید ئەحمەد لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر کە هاوکاری بووە.