گوژمەی زیاتر لە 281 ملیۆن دینار بۆ قیرتاوكردنەوەی شەقامەكانی شاری سلێمانی خەرج دەكرێت
لە چوارچێوەی پلانی پەرەپێدان و نۆژەنكردنەوەی شەقامەكانی شار و شارۆچكەكان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە سێ فەرمانی وەزاریدا، بڕیاری دا بە خەرجكردنی گوژمەی (281,600,000)دینار، بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی بۆ شەقام و كۆڵانەكانی شاری سلێمانی.
بەپێی هەر سێ فەرمانە وەزارییەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەو گوژمەیە لەسەر ڕێژەی 15%ی داهاتی شارەوانییە و بەمەبەستی دابینكردنی قیری شل بۆ كارگەی قیری شارەوانی لە تانجەڕۆ خەرج دەكرێت، بەمەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاریی بۆ شەقام و كۆڵانەكانی شاری سلێمانی، لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی، بۆ قیرتاوكردن لە قۆناغەكانی (حەوتەم، هەشتەم، نۆیەم)، كە بەپێی پلانی شارەوانیی كار لەسەر ئەو پڕۆژانەی قیرتاوكردنەوە دەكرێت.
جگە لە دروستكردنی شەقامی نوێ لە شار و شارۆچكەكان، هاوكات نۆژەنكردنەوە و دووبارە ڕێكخستنەوەی شەقامەكان یەكێكی دیكەیە لە پلانی كاری شارەوانییەكان، بەمەبەستی ئاسانكاریی هاتوچۆ و ڕێگریكردن لە تێكچوونی شەقامەكانی شار و پەرەپێدانیان بۆ خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییانی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان.