Skip to the content

گوژمەی زیاتر لە 800 ملیۆن دینار بۆ پرۆژەی قیرتاوكردنی ژمارەیەك شەقامی ئاكرێ خەرج دەكرێت

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە فەرمانێكی وەزاریدا ڕەزامەندیی نیشان دا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی زياتر له‌ 800 مليۆن دینار، بۆ نۆژەنكردنەوە و قیركردنی ژمارەیەك شەقام لە سنووری شارەوانیی ئاكرێ له‌ پارێزگه‌ى دهۆك.

ئەو گوژمەیە لەسەر ڕێژەی 100%ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی ئاكرێیە و بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی نۆژەنكردنەوە و قیركردنی ژمارەیەك شەقام لە گەڕەكی 11ی ئادار، لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی ئاكرێ.

جگە لەم پرۆژەیە، ئێستا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی ئاكرێ ژمارەیەك پڕۆژەی دیكەی خزمەتگوزاری لە قۆناغی جێبەجێكردندان و بەپێی پلانی شارەوانیش پرۆژەكانی شارەوانیی بەردەوام دەبن بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە شارەكە.