تیروپشك بۆ دابەشكردنی چوار هەزار پارچە زەویی دیكە كرا
ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونی كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر و دەزگەكانی ڕاگەیاندن، ڕێوڕەسمی تیروپشك لە قۆناغی چوارەمدا بۆ ڕاگەیاندنی چوار هەزار پارچە زەویی دیكە بەسەر فەرمانبەرانی سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر كرا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە گوتەیەكدا كە لە ڕێوڕەسمەكە پێشكەشی كرد، گوتی: ئەمڕۆ لە قۆناغی چوارەمی دابەشكردنی زەویدا بەسەر فەرمانبەرانی هەردوو ڕاژەی سەربازی و مەدەنی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، دابەشكردنی چوار هەزار پارچە زەویی دیكە ڕادەگەیەنین كە لەو تیروپشكەدا بەسەر فەرمانبەران دابەش دەكرێن، گوتیشی: لە سێ پرۆسەكەی دیكەی دابەشكردنی زەویدا، نزیكەی ٢٥ هەزار پارچە زەوی دابەش كراون و ئەمڕۆش چوار هەزاری دیكە دابەش دەكرێن.
ساسان عەونی سوپاسی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی كرد بۆ بڕیاری دابەشكردنی زەوی و لەمبارەیەوە گوتی: بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی زەوی وەك ڕێزگرتنێك لە كار و دەوامكردن و خۆڕاگریی فەرمانبەرانە كە ١٥ ساڵ بوو دابەشكردنی زەوی وەستابوو، بە ناوی سەرجەم فەرمانبەرانەوە سوپاسی جەنابی سەرۆكوەزیران دەكەین بۆ ئەم بڕیارەی. هاوكات پیرۆزبایی لە فەرمانبەرانیش دەكەین كە لەم بڕیارەی سەرۆكوەزیرانی كوردستان سوودمەند دەبن و دەبنە خاوەن زەویی خۆیان.
سەبارەت بە كاركردن بۆ ڕاگەیاندنی قۆناغی دیكەی دابەشكردنی زەوی، ساسان عەونی، دەڵێت: كاركردنی تیمەكانی شارەوانی لە پرۆسەی دابەشكردنی زەویدا بەردەوامە بۆ ئەوەی قۆناغی دیكەی زەوی بۆ فەرمانبەران تیروپشكیان بۆ بكرێت و سەرجەم فەرمانبەران ببنە خاوەن زەویی خۆیان.
کرتە بکە بۆ بینینی ناوەکان