سایدی یەكەم لە پرۆژەی دووسایدی گەڕەكی ژین لە پارێزگەی هەولێر كرایەوە
ساسان عەونی: گوژمەی شەقامەكە دوو ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دینارە و بەمزووانەش كارەكانی سایدی دووەم لە دووسایدی گەڕەكی ژین دەستپێدەكات
ئەمڕۆ شەممە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی دارەتوو، سایدێكی پرۆژەی شەقامی سەرەكیی گەڕەكی ژین لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی دارەتووی پارێزگەی هەولێر كرایەوە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێت؛ ڕاستەوخۆ دەست بە قیرتاوكردنی شەقامی دووەمی دووسایدی ژین دەكرێت.
ساسان عەونی قسەی بۆ میدیاكان كرد و لە سەرەتای قسەكانیدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر بەشداربوون لە كردنەوەی سایدێكی شەقامەكە و گوتی: دووسایدی گەڕەكی ژین شەقامێكی زۆر گرنگە بۆ دارەتوو و گەڕەكی ژین، ماوەیەك بوو كارەكانی بەهۆی هەندێك گرفتەوە وەستابوون، دوای چارەسەركردنی گرفتەكان، ئەمڕۆ سایدێكی كە درێژییەكەی نزیكەی سێ كیلۆمەترە كرایەوە.
لەبارەی گوژمەی پرۆژەكەش دەڵێت: گوژمەكەی دوو ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دینارە، ئەمڕۆ سایدی یەكەمی بەڕووی هاووڵاتییاندا دەكرێتەوە، لەبارەی سایدەكەی دیكەیان، ساسان عەونی، دەڵێت: ڕاستەوخۆ شارەوانی دەست بە قیرتاوكردنی سایدەكەی دیكەش دەكات و ئومێدەوارین سایدی دووەمیش لە ماوەیەكی دیاریكراودا تەواو بكرێت.
هەروەها گوتی: وەك هەمیشە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر جێگەیەك پێویستی بە كار و خزمەت بووبێت، فەرمانگەكانی حكومەت درێغیان نەكردووە و ئەم شەقامەی گەڕەكی ژینیش یەكێكە لە كار و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاووڵاتییان.