كاركردن لە پرۆژەی "ڕێڕەوی ژیان" لە شاری هەولێر دەستی پێكرد
دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەی "ڕێڕەوی ژیان"ی لە شاری هەولێر دانا، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، كاركردن لە پرۆژەکە دەستی پێكرد؛ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش سەردانی پێگەی پڕۆژەكەی کرد و بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی كارەكان کرد.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لەسەر پێگەی پرۆژەی "ڕێڕەوی ژیان" بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی كار و ئاستەنگەكانی بەردەم پرۆژەكە كرد؛ هاوكات لەگەڵ كارزان عەبدولهادی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و تیمی ئەندازیاران و جێبەجێكاری پڕۆژەكە، گفتوگۆی كرد و ڕایسپاردن بۆ ئەوەی لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا ئەو پرۆژە نایابە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان تەواو بكرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لە پرۆژە زۆر گرنگەكانی شاری هەولێر و ئەو زۆنە دەبووژێنێتەوە کە پرۆژەکەی تیادا جێبەجێ دەکرێت؛ بۆیە پێویستە كارەكانی بە باشی بەڕێوە بچن و ئامادەییی هەر جۆرە پاڵپشتی و هاوكارییەكیشی دەربڕی لەپێناو بە باشی بەڕێوەچوونی كارەكانی پڕۆژەکە.
ئەم پرۆژەیە كە لای دانیشتووانی شاری هەولێر بە كۆڕنیشی هەولێر ناسراوە، چەندین تایبەتمەندیی گرنگی تێدایە و یەكێك لە پرۆژە جوان و نایابەكانی شاری هەولێر دەبێت. دیزاینی گشتیی پرۆژەكە زیاتر لە ٢٥ كلیۆمەترە و لە ئێستادا كار لە بەشی یەكەمی دەكرێت، پاشان بەشەكانی دیكەی تەواو دەكرێت.
بە تەواوبوونی پڕۆژەكە، شاری هەولێر هەنگاوێكی دیكە دەچێتە پێشەوە و ئەو سنوورەی شارەكە دەبووژێتەوە كە ساڵانێكی زۆرە بووەتە شوێنی فڕێدانی خاشاك و ناوچەیەكی لاپەڕگەی هەولێر؛ بە تەواوبوونیشی هەلی كاری نوێ دەڕەخسێنێت و جوانییەكی زۆر بە ناوچەكە دەبەخشێت؛ هاوكات ناوچەیەكی نوێی گەشتیاری لە شاری هەولێر دروست دەبێت.