به گوژمه‌ی 36 ملیار و 300 ملیۆن دینار به‌ردی بناغه‌ی شه‌قامێكی 60 مه‌تریی دووساید له شاری هه‌ولێر دانرا

ئه‌مڕۆ شه‌ممه ، ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، له‌ژێر چاودێریی ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و به ئاماده‌بوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید قائیمقامی ناوه‌ندی هه‌ولێر، كارزان عه‌بدولهادی سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر، شوان زراری له كۆمپانیای جێبه‌جێكار و ژماره‌یه‌كی دیكه له به‌رپرسانی فه‌رمانگه خزمه‌تگوزارییه‌كان و كۆمپانیای جێبه‌جێكار، به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی دروستکردنی شەقامێکی ٦٠مه‌تری بۆ بەستنەوەی شەقامی ١٢٠مه‌تری و شەقامی ١٥٠مه‌تری لە نێوان گوندی ئارام یەک و شاری ئاتکۆنز و نزیك كهڕك دانرا.
ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له كاتی دانانی به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌كه گوتی: "زۆر خۆشحاڵین ئه‌مڕۆ له ڕێوڕه‌سمی دانانی پڕۆژه‌یه‌كی گرنگ له هه‌ولێری پایته‌خی هه‌رێمی كوردستان، ئاماده‌ین بۆ دروستكردنی شه‌قامێكی دووساید كه هه‌ردوو شاڕێی ١٢٠ مه‌تری به شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری ده‌به‌ستێته‌وه و به گوژمه‌ی ٣٦ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دینار له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار جێبه‌جێ ده‌كرێت".
هەروەها سه‌باره‌ت به گرنگی پڕۆژه‌كه گوتیشی: "گرنگی ئه‌م شه‌قامه ئه‌وه‌یه، دوای دروستكردنی شه‌قامه‌ی ١٢٠ مه‌تری و شه‌قامی ١٥٠مه‌تری، هه‌رسێ ڕێگه سه‌ره‌كییه‌كه، ئه‌وانیش ڕێگه‌ی هه‌ولێر-به‌حركه، هه‌ولێر-پیرمام، هه‌ولێر-كۆیه، ئه‌م شه‌قامانه‌ی به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستایه‌وه و له ماسته‌رپلانی هه‌ولێردا چه‌ندین شه‌قامی تیشكی هه‌ن، ئه‌م دوو ڕێگه‌یه به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ كه به‌ردی بناغه‌مان بۆی دانا، یه‌كه‌مین شه‌قامی ٦٠ مه‌ترییه كه له ماسته‌رپلانی شاری هه‌ولێردا هه‌یه و بێجگه له‌و سێ شه‌قامه‌ی ئاماژه‌مان پێكرد، شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری به شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری ده‌به‌ستێته‌وه و گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه و هه‌موو ئه‌و زه‌وی و ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی كه‌وتوونه‌ته ئه‌و ناوچه‌یه، هه‌ر له شاری ئارام و كهڕك و گردجووتیار و شاره‌كانی دیكه‌ی ئارام یەک و ئارام دوو، سوود له‌م شه‌قامه دووسایده گرنگه وه‌رده‌گرن كه ناوچه‌یه‌كی یه‌كجار فراوانه و له داهاتوودا شه‌قامه‌كانی دیكه‌ش جێبه‌جێ ده‌كرێن".
گوتیشی: "كاره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌خشش و داهێنان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری بۆ خه‌ڵك، وه‌كوو ئه‌ركی سه‌رشانمان به‌رده‌وامه و دانانی به‌ردی بناغه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه و پرۆژه‌كانی دیكه‌ش كه له داهاتوو ده‌كه‌ونه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، ئه‌مه هه‌موو ئه‌و په‌یمان و جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئهركانهن كه وه‌كوو حكومه‌ت بۆ هاووڵاتییانی كوردستان جێبه‌جێیان ده‌كه‌ین".
پاشان ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر وتارێكی پێشكه‌شكرد و تیشكی خسته سه‌ر پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر و له به‌شێكی وتاره‌كه‌یدا سه‌باره‌ت به گرنگی دروستكردنی شه‌قامه‌كه گوتی: "ئه‌م شه‌قامه جگه له‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه به‌ستانه‌وه‌ی هه‌ردوو شه‌قامی خێرای ١٢٠ مه‌تری و ١٥٠ مه‌تریی هه‌ولێره، له هه‌مان كاتدا به ته‌واوبوونی ئه‌م شه‌قامه به‌شێكی زۆری جه‌نجاڵی و قه‌ره‌باڵغی ڕێگه‌ی هه‌ولێر-پیرمام و شه‌قڵاوه و به‌حركه كه‌م ده‌كاته‌وه. هاوكات ده‌بێته به‌شێكی دیكه‌ی گرنگی خزمه‌تگوزاری بۆ پرۆژه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه".
پارێزگاری هه‌ولێر سوپاسی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری كرد بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م پرۆژه‌یه و جه‌ختی كرده‌وه‌ش كه ماوه‌ی پڕۆژه‌كه ١٥ مانگه، به‌ڵام كۆمپانیای جێبه‌جێكار به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان داوه به كه‌متر له‌و ماوه‌یه‌دا ته‌واوی بكه‌ن و گوتی: "ڕاسته ئێستا به‌ردی بناغه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌مان داناوه، به‌ڵام هه‌تا ئێستا ڕێژه‌ی ٢٥%ی ته‌واوبووه. ئه‌م شه‌قامه به ته‌واوبوونی ده‌بێته به‌شێكی دیكه‌ی گرنگ له ئاوه‌دانبوونه‌وه و گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانی كهڕك و چه‌ند شوێن و زه‌وییه‌كی دیكه‌ی گرنگ كه له ماوه‌ی ڕابردوودا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دابه‌شی كردوون".