پرۆژەی ئاوی دووكان - سلێمانی3 بە گوژمەی 423 ملیۆن و 890 هەزار دۆلار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

ئەمڕۆ یەكشەممە، 12ی تشرينى يهكهمى 2025، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، گرێبهستى پرۆژەی ئاوی دووكان - سلێمانی3، بە گوژمەی 423،890،000 دۆلار، لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای هابیكا واژۆ كرا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار خۆشحاڵی خۆی بە واژۆكردنی گرێبەستەكە دەربڕی و و پیرۆزبایی لە دانیشتووانی شاری سلێمانی كرد و گوتی: "خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین ئەمڕۆ گرێبەستێكی دیكەی گرنگی پرۆژەیەكی گەورەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان لە سێكتەری ئاودا بۆ شاری سلێمانی واژۆ دەكەین؛ ئەویش گرێبەستی پرۆژەی (هێڵی سێیەمی ئاوی دووكان-سلێمانی)يه، بە بڕی 423،890،000 دۆلار لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، كە كێشەیەكی بەرچاو و لەمێژینەی ئاوی سلێمانی چارەسەر دەكات".
گوتیشی: "ئەم پڕۆژەیە، هاوشێوەی پرۆژە گەورەكانی دیكەی حكومەت لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژی و كارنامە و هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دیدگهی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشە لەمێژینەكانی كەمئاوی لە شارەكان دانراوە".
پرۆژەی ئاوی دووكان - سلێمانی3، پرۆژەیەكی گەورە و ستراتیژی و درێژمەودایە و ڕۆڵی گەورەی دەبێت لە چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوەی سلێمانی و بەشێك لە ناوچەكانی دەوروبەری. پڕۆژەكە لە چەندان بەشی گرنگ پێك دێت، وەك: بەشی وەرگری ئاو لەسەر زێی بچووك و وێستگەی خاوێنكردنەوەی ئاو بە توانای (480،000 مەتر سێجا) لە ڕۆژێكدا كە بڕیارە لە قۆناغی یەكەمدا (240،000 مەتر سێجا)ی لێ جێبەجێ بكرێت. هەروەها دوو وێستگەی ناوەندی پاڵنان و بەرزكردنەوەی ئاو و دوو هێڵی سەرەكیی گواستنەوەی ئاو لە دووكان بۆ سلێمانی بە تیرەی 1400ملم بە درێژی 112 كلم، لەگەڵ هێڵی كارەبا، كە كوالێتیی ئاوی بەرهەمهاتوو لە بەرزترین ئاست دەبێت و بەپێی ستانداردی عێراقی و جیهانی دەبێت.
ساسان عەونی، ئاماژەی بە بەشێك لە پڕۆژە جێبەجێكراوەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەت كرد و بەم جۆرە پرۆژەكانی خستەڕوو:
1- پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر بە گوژمەی 480 ملیۆن دۆلار و بە ڕێژەی 95% كارەكانی تەواو بووە.
2- پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ، بە گوژمەی 114 ملیار دینار و بە ڕێژەی 20% كارەكانی تەواو بووە.
3- پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە كه ئاوی قوشتهپه و ناحیهی بێستانه و زیاتر له 70 گوند دابین دهكات، گوژمەی پڕۆژەکە 222 ملیار دینارە و 90%ی پڕۆژەکە تەواو بووە و بڕیاره لهم نزیكانه بكهوێته كار.
4- پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش، گوژمەی پڕۆژەکە 428 ملیار دینارە، ئیشوکارەکانی ڕووپێویی زەوی و جیوتێکنیکال دەستیپێکردووە.
5- پڕۆژەی ئاوی خەبات، گوژمەی پڕۆژە 195 ملیاره.
6- پڕۆژەی ئاوی 51 گوندی بارزان، بە گوژمە 138 ملیار دینار، 90%ی پرۆژەکە تەواو بووە، بڕیارە سەرەتای ساڵی 2026 تەواو ببێت.
7- پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ بە گوژمەی 108 ملیار دینار، 60%ی پڕۆژەکە تەواو بووە، بڕیارە کۆتاییی ساڵی 2026 تەواو ببێت.
8- پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە گوژمەی 20 ملیۆن دۆلار، 55%ی پڕۆژەکە تەواو بووە.
9- پڕۆژەی ئاوی دەربەندی ڕانیە، گوژمەی 28 ملیۆن دۆلارە، 80%ی پڕۆژەکە تەواوبووە، بریارە لە ماوەیەکی کورتدا کێشە و گرفتەکانی چارەسەر بکرێت و لە ماوەی 8 تا 10 مانگی تردا ئیشوکارەکانی تەواو بکرێت.
10- پڕۆژەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر، قۆناغی یەکەم لەسەر قەرزی ژاپۆنی 200 ملیۆن دۆلار و پڕۆژەی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی قورسی هەولێر، قۆناغی دووەم، بە گوژمەی 579 ملیۆن دۆلار، ڕەزامەندیی لەسەر دراوە.