گەورەبازاڕی لەنگەی هەولێر كە ڕۆژانە هەزاران كەس سەردانی دەكەن نۆژەن و نوێ دەكرێتەوە

گەورەبازاڕی لەنگەی هەولێر، بە مەبەستی دووبارە ڕێكخستنەوە لەسەر شێوازێكی سەردەمیانە و نوێ، نۆژەن و نوێ دەكرێتەوە؛ بە جۆرێك سوودی بۆ دووكاندار و خاوەنكار و سەردانیكەرانی بازاڕەكە هەبێت.
لە چوارچێوەی پلانی شارەوانیی هەولێر، بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی شوێنە گشتییەكانی شارەكە، کاری نۆژەنکردنەوەی گەورەبازاڕی لەنگەی هەولێر دەستی پێکرد.
پڕۆژەكە بە گوژمەی (١٤٤،٠٠٠،٠٠٠) سەد و چل و چوار ملیۆن دینار، لەسەر داهاتی ١٥٪ی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەكرێت.
بازاڕی لەنگە یەكێكە لە بازاڕە میللییەكانی شاری هەولێر و ڕۆژانە هەزاران كەس بۆ كڕینی كەلوپەل و پێداویستیی سەردانی دەكەن؛ هاوكات ژمارەیەكی زۆر لە خاوەنكار و دووكاندار و كرێكار لەو بازاڕەدا بژێویی ژیانیان مسۆگەر دەكەن.
مەبەست لە نۆژەنكردنەوەی ئەو بازاڕە جوانكاری و نوێكردنەوەیە؛ هاوكات دروستكردنی كەشێكی باشتر و گونجاوتریشە بۆ خاوەن دووكان و كرێكاران و سەردانیكەرانی بازاڕەكە.