Skip to the content

بەردی بناغەی پرۆژه‌ی سەرلەنوێ قیرتاوكردن و نۆژەنكردنەوەی شه‌قامی 100 مه‌تریی هەولێر دانرا

*وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار: ئەم پرۆژەیە به‌ گوژمه‌ی سێ ملیار و 550 ملیۆن دینار لە چوارڕیانی مەخموور تا ڕێگەی مووسڵ جێبەجێ دەكرێت.

*لە ڕۆژانی داهاتوودا پڕۆژەی گرنگ لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەندرێن.

له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، به‌ گوژمه‌ی سێ ملیار و 550 ملیۆن دینار، پرۆژه‌ی سەرلەنوێ قیرتاوكردن و نۆژەنكردنەوەی شه‌قامی 100مه‌تریی هه‌ولێر، له‌ چوارڕیانی ڕێگه‌ی مه‌خموور تا چوارڕیانی مووسڵ دەستیپێكرد و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێت ئەو هەموو كار و پرۆژە و ئاوەدانییە لە ئەنجامی بەرنامەڕیژیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیيی خەڵكە و دەشڵێت: لە ڕۆژانی داهاتوودا پڕۆژەی گرنگ لە شار و شارۆچكەكان ڕادەگەیەندرێن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 7ی تشرينى يه‌كه‌مى 2025، لەژێر چاودێریی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و كارزان عه‌بدولهادی، سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر و ژمارەیەكی دیكە لە بەڕێوەبەران و سەرۆكی فەرمانگەكان له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، به‌ردی بناغه‌ی پرۆژه‌ی قیرتاوكردن و سەرلەنوێ نۆژه‌نكردنەوەی شه‌قامی 100مه‌تریی هه‌ولێر، له‌ چوارڕیانی ڕێگه‌ی مه‌خموور تا چوارڕیانی مووسڵ داندرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەكە و لە بەشێكی قسەكانیدا خۆشحاڵی خۆی بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەربڕی و ئاماژەی بەوەش كرد قیرتاوكردن و سەرلەوێ نۆژەنكردنەوەی شەقامی 100مەتریی هەولێر كە شەقامێكی زۆر گرنگە بۆ هاتوچۆی شاری هەولێر و نۆژەنكردنەوەی هۆكارێكی گرنگ دەبێت بۆ ئاسانكاریی هاتوچۆ و نەهێشتنی قەرەباڵغی لەنێو سەنتەری شاری هەولێردا.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: پرۆژه‌ی قیرتاوكردن و سەرلەنوێ نۆژه‌نكردنەوەی شه‌قامی 100مه‌تریی هه‌ولێر له‌ چوارڕیانی ڕێگه‌ی مه‌خموور تا چوارڕیانی مووسڵ، درێژاییەكەی بە چوون و هاتن، زیاتر لە هەشت كیلۆمەترە و بە گوژمەی سێ ملیار و 550 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ماوەی 120 ڕۆژدا بەپێی ستانداردەكان جێبەجێ دەكرێت.

ساسان عەونی ئاماژەی بەوەش كرد: ئاوەدانی و نۆژەنكردنەوە و بنیادنانی پرۆژەی گەورە و ستراتیژی و جێبەجێكردنی بيرۆكه‌كان لە نەبوونەوە بە خوڵقكردنی ئێستا بووەتە سەركاروان و بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە دەستی ئاوەدانی هەر ڕۆژەی لە شار و شارۆچكەیەكە. ئاماژەی بەوەش كرد ئەو هەموو ئاوەدانییەی ئێستا لە شار و شارۆچكەكان دەبینرێن، لە ئەنجامی ئەو هەموو كارە گرنگ و بەرنامەڕێژییەیە كە سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەموو وەزارەت و فەرمانگەكانی حكومەت لەپێناو خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیيی خەڵك وەكوو ئەركی سەرشانمان جێبەجێیان دەكەین، گوتیشی: لە كار و خزمەتكردن بەردەوام دەبین و لە ڕۆژانی داهاتووشدا پرۆژەی گرنگتر بۆ شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێن.