زیاتر لە دوو هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ناحیەی ڕزگاری دابەش كرا

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تشرينى يهكهمى 2025، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و مەریوان حاكم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، ڕێوڕەسمی تیروپشكی ڕاگەیاندن و دابەشكردنی زیاتر لە دوو هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ناحیەی ڕزگاری لە هەولێر بەڕێوەچوو، كە زیاتر لە دوو هەزار فەرمانبەر و جووتیارانی قەرەبووكراوە، بوونە خاوەنی زەوی خۆیان.
ساسان عەونی بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن گوتى: ئەمڕۆ تیروپشك بۆ دابەشكردنی زیاتر لە 2 هەزار پارچە زەوی بۆ فەرمانبەرانی ناحیەی ڕزگاری دەكەین، كە بەشێك لەو زەوییانە قەرەبووی ئەو جووتیارانەیە زەوییەكانیان كوژێندراونەتەوە، گوتیشی: لەم ژمارەیەدا زیاتر لە ههزار و 850 پارچە زەوییان بۆ فەرمانبەرانی ناحیەی ڕزگارییە.
وەزیری شارەاونی و گەشتوگوزار پیرۆزبایی لە فەرمانبەران و ئەو جووتیارانە كرد كە زەوییان بۆ دەرچوو، هاوكات سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و ئیدارە و شارەوانیی ڕزگاری كرد كە كاری هونەری و دروستكردنی نەخشەی كەرتیان بۆ زەوییەكان كرد.
ساسان عەونی، دەشڵێت: پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی ڕابردووهوه دەستیپێكردووە، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و پێشكەوتنێكی زۆر باشی بەخۆیەوە دیوە و لە زۆر شوێن كارەكان گەیشتووەتە دوایین قۆناغ و كاركردنیش بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەو فەرمانبەرانەی فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە، زەوییەكانیان وەربگرن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە پێشكەشكردنی دەستكەوتەكانی و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەردەوام دووپات لەوە دەكاتەوە خزمەتكردنی خەڵك ئەركە و سەرجەم فەرمانگەكان لە هەر پلە و پۆستێكدا بن ڕادەسپێرێت خزمەتی كوردستان بكەین. ههروهها ئاماژەی بە بەردەواميی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی كرد و گوتی: لە ڕۆژانی داهاتوودا بەپێی پێویستيی ئەو شوێنانەی كارەكانیان تەواو دەبێت، تیروپشك بۆ دابەشكردنی زەوی دەكرێت. گوتیشی: ئامادەكارییەكانی دابەشكردنی زەوی زۆر باشە و پرۆسەكە بە باشی لە هەموو شوێنێك بەڕێوە دەچێت و ئێمەش وەك وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕۆژانە لەگەڵ سەرجەم سەرۆكایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان لەسەر هێڵین، بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە بە ئاراستەی ڕاستەقینە و لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا تەواو ببێت.