Skip to the content

نزیكەی هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری سێبیران و دەوروبەری دابەش كرا

-ساسان عەونی: لە ڕۆژانی داهاتوو نزیكەی 16 هەزار پارچە زەوی لە بنەسڵاوە و دارەتوو دابەش دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تشرينى يه‌كه‌مى 2025، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و مەریوان حاكم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، لە چوارچێوەی پرۆسەی دابەشكردنی زەویدا، تیروپشك بۆ زیاتر له‌ هەزار پارچە زەوی بۆ فەرمانبەرانی سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سێبیران كرا.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار قسەی بۆ میدیاكان كرد و ڕایگەیاند: خۆشحاڵین جارێكی دیكە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر بەشدار دەبین لە ڕێوڕەسمی تیروپشك بۆ نزیكەی هەزار پارچە زەوی بۆ فەرمانبەرانی سنووری سێبیران و دەوروبەری، هه‌روه‌ها دەشڵێت: پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و لە ڕۆژانی داهاتوودا نەخشە و كارە پلانسازییەكان بۆ بنەسڵاوە و دارەتوو تەواو دەبێت، كە نزیكەی 16 هەزار پارچە زەوییە و ئومێدەوارین لە هەفتەی داهاتوو ڕابگەیەنرێت.

هەروەها ساسان عه‌ونى دەستخۆشی لە ئەندازیاران و تیمەكان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كە بە ڕۆژ و شه‌و كار لە پرۆسەی دابەشكردنی زەوی دەكەن، بۆ ئەوەی فەرمانبەران لە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی زەوی سوودمەند ببن.

ساسان عەونی، پیرۆزبایی لەو فەرمانبەرانە كرد ئەمڕۆ لە تیروپشكەكە ناویان دەرچوو، هاوكات جەختی كردەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان، حكومەتی خەڵكی كوردستانە و بەردەوام بە پرۆژە و دەستكەوتەكانی لە هەر كوێیەك پێویست بێت بەپێی ڕێنماییەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كار و بەخشین و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی بەردەوام دەبێت.

بۆ بينينى ناوه‌كان، كرته‌ لێره‌ بكه‌