Skip to the content

وه‌زيرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار: پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە لە ئێستا بۆ 65 هەزار كەس و تاكوو 20 ساڵی دیكە ئاو بۆ 220 هەزار كەس دابین دەكات

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار:
پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە بە گوژمەی 222 ملیار دینار لە چوارچێوەی پلان و دیدگای ڕێزدار مەسرور بارزانی بۆ چارەسەری كێشەی كەمئاوی جێبەجێ كرا
- ڕێزدار مەسرور بارزانی گفتێك نادات نەیباتە سەر و خاوەن ئەو بەڵێنەیە كە دەڵێت كردمان و دەتوانین بیكەین
- پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە ئێستا 65 هەزار كەس و تاكوو 20 ساڵی دیكە ئاو بۆ 220 هەزار كەس دابین بكات
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئۆكتۆبەری2025، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە گوندی قەشقە، پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری كردەوە كە بە گوژمەی زیاتر لە 222 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت و ئاوی خواردنەوە بۆ قەزای قوشتەپە و ناحیەی بێستانە و زیاتر لە 72 گوندی سنوورەكە دابین دەكات.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە وتارێكی پێشكەشكرد و سەرەتا بەخێرهاتنی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئامادەبوونی لە ڕێوڕەسمەكە و كردنەوەی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرەتای وتارەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە پڕۆژەیەكی دیكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ وابەستەكردنی هاووڵاتییان بە زێدی خۆیان و خزمەتكردنی هاووڵاتییانی گوندە دوورەكان، گوتیشی: ئەم پرۆژەیە بەرنامە و پلانی جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نیشان دەدات كە خزمەتكردنی هاووڵاتییان ئەركی سەرشانی حكوومەتە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: پرۆژەی ئاوی قوشتەپە پرۆژەیەكی گەورە و دوورمەوایە كە بەشێكە لەو پلانەی جەنابی سەرۆكی حكوومەت بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و لە شاری هەولێر دایناوە، ئەویش بەكارخستنی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەریەتی كە لە ماوەیەكی پێوانەییدا لەلایەن كۆمپانیای ئاوزان بە نوێترین تەكنەلۆژیای سەردەم بە گوژمەی 222 ملیار دینار كارەكانی تەواو كرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و ناحیەی بێستانە و گوندەكانی دەوروبەری، هاوشێوەیە لەگەڵ پڕۆژە گەورەكانی دیكەی حكوومەتە لە سەرجەم سێكتەرەكانی دیكەدا، بەتایبەتیش كە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژی و كارنامە و هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت و دیدگای ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ چارەسەركردنی كێشە لەمێژینەكان لە ساتوكاتی خۆیاندا، بەپێی پلان و دیدگایەك كە دونیابینی جەنابی سەرۆكی حكوومەت نیشان دەدات لە ئیدارەدانی وڵاتدا بەبێ گوێدانە لەمپەر و ئاڵنگارییەكانی بەردەمی كە یەكێك لە كێشەكان گرفتی كەمئاوی شارەكان بوو، ئەویش بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەت بۆ چارەسەری ڕیشەیی و ستراتیژییانە بۆ بنبڕكردنی كێشەی كەمئاوی لە هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: سێكتەری ئاوی خواردنەوە یەكێكە لەو سێكتەرانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی داوە لە ڕیزبەندی یەكەمی كارەكانی بێت، بۆیە لە هەر كوێیەك پڕۆژەی ئاو پێویست بووبێت سەرۆكی حكوومەت بڕیاری داوە پڕۆژەی گەورەی ئاوی بۆ دروست بكات و بۆ دەیان ساڵ كێشەی كەمئاوی چارەسەر بكات. وەك نموونە: پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاو بۆ هەولێر و پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ، پڕۆژەی هێڵی سێیەمی دووكان-سلێمانی، پرۆژەی ئاوی بەردەڕەش، پڕۆژەی ئاوی خەبات، پڕۆژەی ئاوی كۆیە، فراوانكردنی پڕۆژەی ئاوی قەندیل، هەروەها چارەسەركردن و دەستپێكردنەوەی پڕۆژەی ئاوی 51 گوندی بارزان و پڕۆژەی ئاوی ئاكرێ و دەربەندیخان و دەربەندی ڕانیە، هاوكات كار لەسەر وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ فراوانكردنی پڕۆژەی ئاوی دهۆك دەكرێت. ساسان عەونی گوتیشی: كاتێك سەیری ژمارە و قەبارەی ئەو پڕۆژانەی ئاو دەكەین كە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بنیات دەنرێن، دەبینین و دەزانین چ پلانداڕێژەیەكی كارامە و دووربین، چ ئیرادەیەكی بەهێز، چ سەركردەیەك هەیە كە سەركێشی ئەو قەبارە زۆرەی پڕۆژە و جێبەجێكردنیان دەكات لە یەك كاتدا كە بێگومان ئەو پلانداڕێژەر و ئەو خاوەن ئیرادەیە ڕێزدار مەسرور بارزانییە كە گفتێك نادات نەیباتە سەر و خاوەن ئەو بەڵێنەیە كە دەڵێت كردمان و دەتوانین بیكەین.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی گرنگی پڕۆژەكە گوتیشی: ئەم پڕۆژەیە ئەگەرچی بە پرۆژەی ئاوی قوشتەپە ناسراوە، بەڵام بەهۆی گەورەییەكەی و كاریگەرییەكەیەوە، جگە لە قەزای قوشتەپە، هاوكات ناحیەی بێستانە و زیاتر لە 72 گوند و چەندین ناوچەی دیكەی نیشتەجێبوون و ناوچەی پیشەسازی بە هەموو فراوانبوونەكانییەوە بەپێی ماستەرپلان بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵی داهاتوو لێی سوودمەند دەبن.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، گوتیشی: پرۆژەی ئاوی قوشتەپە بە گوژمەی 222 ملیار دینار جێبەجێ كرا، ئەم پڕۆژەیە لەم قۆناغەدا 3 هەزار مەتر سێجا ئاو لە كاتژمێرێكدا بەرهەم دەهێنێت بۆ 65 هەزار كەس، توانای هەیە بە فراوانبوونی ئەم سنوورە تاكوو 20 ساڵی دیكە ئاو بۆ 220 هەزار كەس دابین بكات، پێك دێت لە وەرگری ئینتەیچ و وێستگەی چارەسەری ئاو و عەمبار و كۆنتڕۆڵ و فیلتەركردن، هەروەها لە گوندی ئازیانە وێستگەیەكی ناوەندی بە قەبارەی 3 هەزار مەتر سێجا لە كاتژمێرێكدا و عەمباری ئاو بە قەبارەی 5 هەزار مەتر سێجا هەیە، لە گوندی كانی بزرە وێستگەی كۆتایی و عەمباری ئاو بە قەبارەی 10 هەزار مەتر سێجا هەیە، بە درێژایی 37 كیلۆمەتر كاری بۆری بە تیرەی 800ملم جێبەجێ كراوە، هەروەها بە تیرەی جیاوازی 100ملم تا 500ملم بە درێژایی 263 كیلۆمەتر بۆری دانراوە لەگەڵ هێڵی كارەبای سەرەكی بە درێژایی 37 كیلۆمەتر، لەگەڵ تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیەدا ژمارەیەكی زۆری بیری ئاو ڕادەگیرێن و ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، ئەم پڕۆژەیە تەنیا دابینكەری ئاو نییە كاریگەریی زۆر باشی لەسەر بووژانەوە و ئاوەدانكردنەوەی سنوورەكە دەبێت و دەبێتە هۆی گەشەپێدانی ژیانی دانیشتووانی ئەم سنوورە فراوانە.