وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار: درێژایيی پشتێنەی سەوزایی نزیكەی 78 كیلۆمەتره و كۆی ڕووبەری پشتێنەكە نزیكەی 66 هەزار و 115 دۆنم دەبێت
- پشتێنەی سەوزایی ساڵانێك تەنیا وەك پلان لە ناو دۆسیەكانی نەخشەدانان كە جێبەجێكردنی مەحاڵ بوو، بەڵام بە سووربوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خەونەكە بووە واقیع
- پشتێنەی سەوزایيی هەولێر پێكهێنەرێكی بنەڕەتی و گرنگ و پێویستی ماستەرپلانی هەولێرە كە ماستەرپلانی (2050) ناسراوە
- پشتێنەی سەوز بەپێی ماستەرپلانەكەی 11 پۆندی ئاو و 21 پاركی جۆراوجۆری تێدایە
- چوار پاركی گەورەی حەوانەوەی تێدایە كە دەكەونە كەسنەزان و بنەسڵاوە و قۆریتان و بەحركە
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ی تشرينى يهكهمى ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی لە شاری هەولێر دەستی پێكرد و بە چاندنی دار بەشێوەیەكی فراوان دەست بە كارەكانی ئەو پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەی هەولێر و دەوروبەری كرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناعە و دەستپێكردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی وتارێكی پێشكەش كرد و سەرەتا بەخێرهاتنی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ڕێوڕەسمی دەستپێكردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی و لەبارەی جێبەجێكردنی پرۆژەكەشەوە گوتی: پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی ساڵانێك تەنیا وەك پلان لە ناو دۆسیەكانی نەخشەدانان وەك خەونێكی دووری بەدینەهاتوو و ئاواتێك بوو كە جێبەجێكردنی مەحاڵ بوو، بەڵام ئەمڕۆ بە ڕێنمایی و سەرپەرشتی و سووربوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕواندنی یەكەم داری ئەم پڕۆژەیەوە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانی یەكێك لە دۆسیە گرنگ و لەبیركراوەكانی نەخشەدانان دەبێتە كردار، خەونەكە دەبێتە واقیع.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پیرۆزبایی لە دانیشتووانی شاری هەولێر و دەوروبەری و گوندەكانی سنوورەكە كرد و ئاماژەی بەوەش كرد كە پلانەكانی جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاككردنەوەی ژینگەی هەولێر تەنیا پڕۆژەی ڕووناكی و هەڵگرتنی هەزاران مۆلیدە و داخستنی پاڵاوگە و دروستكردنی دەیان پارك و باخچەی سەوزایی نییە، بەڵكوو جێبەجێكردنی ئەم پشتێنە سەوزاییەشە كە باوەش بە پایتەختی هەرێمی كوردستان دەكات و ژینگە و هەواكەی پاك ڕادەگرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: پشتێنەی سەوزایی هەولێر پێكهێنەرێكی بنەڕەتی و گرنگ و پێویستی ماستەرپلانی هەولێرە كە ماستەرپلانی (2050) ناسراوە، بەشێكە لە سیاسەتی پلاندانی سەوزایی و ژێرخانی سەوزایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئامانجەكانی چەند بابەتێكی ئەندازیاری و نەخشەدانان و ژینگەیی دوورمەودان، وەكوو سنوورداركردنی فراوانبوونی پانتایی ئاسۆیی شار و پاراستن و پەرەپێدانی ناوچەی گوندەكان و كولتووری تەلارسازیی گوندی كوردی، هێشتنەوەی پانتایی بۆ ڕێگریكردن لە دیاردەی پەرتبوونی ئاوەدانی و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی بەمەبەستی باشتركردنی ژینگەی شاری هەولێر، بەهێزكردنی فرەچەشنی زیندەگی و بەدیهێنانی چەند بنەمایەك بۆ شارێكی ژینگەدۆست و پەرەپێدانی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و گەشتیاری و چالاكیی تەرفیهی.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: دووری ئەم پشتێنە سەوزاییە لە سەنتەری شاری هەولێر نزیكەی 12 كیلۆمەترە و درێژاییەكەی بە سووڕانەوەی بازنەی ناوەوەی نزیكەی 78 كیلۆمەتر و كۆی ڕووبەری پشتێنەكە نزیكەی 66 هەزار و 115 دۆنم دەبێت كە ماستەرپلانێكی تایبەت بە خۆی هەیە و لە هەشت زۆنی سەرەكی پێكدێت و هەر زۆنێك مەبەستی بەكارهێنان و ڕێنمایی و پلانی تایبەت بە خۆی هەیە، جگە لە جۆرەكانی سەوزایی، جۆری دار و نەمام و درەختەكان، پشتێنەی سەوز بەپێی ماستەرپلانەكە 11 پۆندی ئاو و 21 پاركی جۆراوجۆری تێدایە، چەند شوێنێك وەكوو بازاڕی ساغكردنەوەی بەروبوومە كشتوكاڵییە بەرهەمهاتووەكان، سێ دەروازەی سەرەكی و چوار دەروازەی لاوەكی دەبێت، دەروازە سەرەكییەكانیشی بریتین لە دەروازەی بەستۆڕە، باشوور، دەروازەی ڕۆژئاوا، هەروەها چوار پاركی گەورەی حەوانەوەی تێدایە كە ئەو چوار پاركە دەكەونە كەسنەزان، بنەسڵاوە، قۆریتان و بەحركە، بەپێی پلان 23 وێستگەی پاس نەخشەیان بۆ كێشراوە كە تەواوی ناوچەی سەوز بە سەنتەری شار دەبەستێتەوە.