Skip to the content

بە گوژمەی 195 ملیۆن دۆلار بەشی یەكەمی پڕۆژەی دروستكردنی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر واژۆ كرا

گرێبەستی بەشی یەكەمی پرۆژەی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر واژۆ كرا و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش موژدەیەك ڕادەگەیەنێت و دەڵێت: "هەر ئەمڕۆ لەلایەن نووسینگەی سەرۆكوەزیرانەوە ئاگه‌داركراینەوە كە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاریداوە هەر حەوت بەشەكەی دیكەی ئاوەڕۆی هەولێر لەسەر ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەلایەن كۆمپانیای خۆماڵییەوە بە كوالێتيی بەرز و ستانداردی جیهانی دروست دەكرێت. بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا گرفتی ئاوەڕۆی هەولێر لەسەر دەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكرێت".

ڕۆژی سێشەممە، ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، عەبدولحەكیم خەسرۆ بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواچوون، ئیندۆ ئەكیرا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، كونسوڵی توركیا لە هەولێر، كونسوڵی ژاپۆن لە هەولێر، سەرۆكی دەستەی ڕاوێژكاران لە حكومەتی عێراق، بەڕێوەبەری جایكا لە عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵی، ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی، سەرۆكی شارەوانی، بەڕێوەبەران لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێوڕەسمی واژۆكردنی پڕۆژەی دروستكردنی بەشێك لە وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر واژۆ كرا.

لە ڕێوڕەسمەكەدا هەر یەك لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، پارێزگاری هەولێر، بەڕێوەبەری پرۆژەكان لە جایكا و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، وتاریان پێشكەش كرد و باسیان لە گرنگيی پڕۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی هەولێر كرد؛ كە ئەم پرۆژەیە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر دەبێت و هاوكات سوودی بۆ كشتوكاڵ و ئاودان و ناوچە سەوزاییەكان دەبێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی ئەم بەشەی پڕۆژەكەوە ڕایگەیاند: "جێگەی خۆشحاڵیمانە كە ئەمڕۆ گرێبەستێكی گرنگی پڕۆژەی دروستكردنی بەشێك لە وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر واژۆ دەكەین، كە بە پڕۆژەی قەرزی ژماره‌ (IQ-P23)ی نێوان حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ و حكومه‌تی ژاپۆن ناسێنراوە و گوژمەکەی نزیكەی ٢٣٠ ملیۆن دۆلارە و لە ڕێگەى ئاژانسی جایكاوە جێبەجێ دەكرێت".

هەروەها وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی ئاوەڕۆی هەولێرەوە گوتی: "ئاوەڕۆی ڕژاوی ڕۆژانەی هەولێر بریتییە لە نزیكەی ٣١٨ هەزار مەتر سێجا ئاوی قورس لە ڕۆژێكدا؛ دیزاینی ئامادەكراو بۆ وێستگەی چارەسەری ئەو قەبارە زۆرە لە ئاوەڕۆ ئامادەیە و بەسەر هەشت فەیسدا دابەش كراوە، هەر فەیسێكیش بەسەر دوو بەشدا دابەش كراون، كە كۆی پڕۆژەكە لە ١٦بەش پێك دێت و هەر بەشێك توانای چارەسەری ٥٢ هەزار مەتر سێجا ئاوی قورسی لە ڕۆژێكدا هەیە".

سەبارەت بە گریبەستەكەی ئەمڕۆش وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: "ئەم پڕۆژەیەی ئەمڕۆ بریتییە لە دروستكردنی یەك بەشی پرۆژە گەورەكە لە ١٦بەشەكەی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆ، بە گوژمەی نزیكەی ١٩٥ملیۆن دۆلار لەگەڵ كۆمپانیای (ئیتۆچو)ی ژاپۆنی، لە ماوەی ٣ ساڵ جێبەجێ دەکرێت. ئەم پڕۆژەیە گرنگییەكی زۆری لە پاراستنی تەندروستیی گشتیی هاووڵاتییان هەیە. هەروەها سوودی گرنگی بۆ پاكڕاگرتنی خاك، پیسنەبوونی ئاوی ژێرزەوی، پاراستنی ئاوی سەرزەوی، بەروبوومی كشتوكاڵی، سامانی ماسی و پاراستنی ڕووبارەكان هەیە و ئەو ئاوەی دەپاڵێورێت جارێكی دیكە بۆ ئاودانی بەروبوومی كشتوكاڵی و ناوچەی سەوزایی بەكار دەهێنرێتەوە".

ساسان عەونی سوپاسی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و ئاژانسی جایكا و تیمی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارى كرد؛ كە ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە كار لەسەر ئەو بابەتە دەكەن كە ئەمڕۆ بەشێكی ئەو گرێبەستە واژۆ كرا.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێوڕەسمەكەدا موژدەیەكی ڕاگەیاند و گوتی: "خۆشحاڵم كە وەكوو موژدەیەك پێتان ڕادەگەیەنم بۆ چارەسەری بڕە زۆرەكەی ئاوەڕۆی هەولێر كە دەمێنێتەوە، بڕی ٢٦٦هەزار مەتر سێجایە. ئەمڕۆ لە نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاگه‌داركراینەوە كە مەسرور بارزانی، بڕیاریداوە بەشە زۆرەكەی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆ كە دەكاتە حەوت بەش، لەسەر ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەلایەن كۆمپانیای خۆماڵییەوە بە كوالێتيی بەرز و ستانداردی جیهانی دروست دەكرێت، بۆ بنبڕكردنی پیسبوونی ژینگە و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان. سەرەڕای ئەم موژدە گەورەیەش هاوشان لەگەڵ دروستكردنی تەواوی بەشەكانی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆ لەسەر ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەر چوار دەرچەكەی ئاوەڕۆی هەولێر لەسەر شەقامی ١٢٠ مەتری و لای فرۆكەخانە و تەنیشت ڕێگەی موسڵ – تووڕەق، پشت نەخۆشخانەی ڕۆژئاوا، لای مامزاوە، لە هەر چوار دەرچەكەوە تاوەكوو گوندی (عارەبكەند) كە وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی لێیە، بە درێژایی ١٢ كیلۆمەتر ئاوەڕۆی داخراو دروست دەكرێت و بەمەش هەولێری پایتەخت لەم گرفتە لەمێژینەیەی كە هەیەتی بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا لەسەر دەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكرێت".

لە درێژەی قسەکانیشیدا گوتی: "بە پێویستی دەزانم سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەم كە پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ و وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆ دەچێتە پاڵ پرۆژە گرنگەكانی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەكوو پڕۆژەی ڕووناكی، هەژماری من، پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی هەولێر، دروستكردنی ڕێگە دووسایدەكان و شەقامەكان و هەموو پرۆژە گرنگەكانی دیكەی ژێرخانی هەرێمی كوردستان كە لە خزمەت خەڵكدان".