Skip to the content

سەرۆکی حکومەت ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی گوژمەی 195 ملیار دینار بۆ دروستکردنی گەورەپڕۆژەی ئاوی خەبات نیشاندا

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی چارەسەریی ڕیشەیی و درێژمەودای گرفتی كەمئاوی لە سنووری قەزای خەبات، بڕیاریدا بە دروستكردنی گەورەپڕۆژەی ئاوی خەبات و ڕەزامەندیی نیشاندا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی ١٩٥ ملیار دینار، لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.

بەمەبەستی چارەسەركردنی بنەڕەتییانەی گرفتی كەمئاوی لە سنووری قەزای خەبات، پێشتر لە ٢٠٢٥/٦/١٦، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ئەم مەبەستە، نووسراوی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەرز كردەوە و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاریدا بە دروستكردنی پڕۆژەی ئاوی قەزای خەبات، كە یەكێكە لە گەورەپڕۆژە نوێكانی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر و بەمزووانە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوەوە.

پڕۆژەی ئاوی خەبات، پڕۆژەیەكی گەورە و ستراتیژیی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، لە ڕۆژێكدا توانای بەرهەمهێنانی (١٢٠ هەزار) مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە؛ زیاتر لە ٤٠٠ هەزار كەس لە سنووری قەزای خەبات، ناحیەكانی ڕزگاری، تۆبزاوە، كەورگۆسك و ٤٠ گوندی سنوورەكەش تا ساڵی ٢٠٥٠ لێی سوودمەند دەبن.

وێڕای ژمارەیەك خەزان و پێگەی سەرەكیی پڕۆژەكە، درێژی بۆرییەكانی نزیكەی ٣٠٠ كیلۆمەترە و پێنج كیلۆمەتریش كارەبای لەگەڵدایە. دوای ڕەزامەندیی مەسرور بارزانی و ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی گوژمەکەی، ئێستا كار لەسەر قۆناغەكانی پڕۆسەی تەندەرینگ دەكرێت و بەمزووانە ئەم گەورەپڕۆژەیەش لە هەولێر دەكەوێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە.