Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەشداری لە ڕاگەیاندنى پڕۆژەی ڕیسایكلین کرد

ڕۆژی سێشەممە، ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان، بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی پڕۆژەی ڕیسایكلین كرد؛ كە بە هاوبەشی لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ڕێكخراوی كوردستان فاوندەیشن بەڕێوە چوو.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێوڕەسمەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و دەستخۆشی لە كوردستان فاوندەیشن بۆ ڕاگەیاندنی پڕۆژەكە كرد و لەمبارەیەوە گوتی: "دەستخۆشی لە كوردستان فاوندەیشن دەكەم بۆ ئەو ڕۆڵە گرنگەی لە بواری ژینگەپارێزی و بوارەكانی دیكەی تایبەت بە لاوان دەیگێڕن". هەروەها هیواشی خواست كوردستان فاوندەیشن و سەرجەم ڕێكخراوەكانی دیكە، كاری جدی بكەن و هاوئاهەنگ بن لەگەڵ دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیارییەكی گەورەی ژینگەیی، بە جۆرێك هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە پاكڕاگرتنی ژینگەدا بەشدار بن.

‎وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری ژینگەییدا، ئاماژەی بەوە كرد، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بایەخی زۆر بە جێبەجێكردنی ئەو بەرنامە و دیدگایانە دەدات لە بواری ژینگەدا و بەردەوام ڕوئیای بۆ پاراستنی ژینگە و ژینگەپارێزی هەیە، گوتیشی: "كاری گەورەش لەڕووی ژینگەوە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە و شارە گەورەكانی كوردستان كارگەی خاشاك و ڕیسایكلینیان تێدایە و دەبێت كاری زیاتریش لە بواری ژینگەدا بكەین".

هەروەها تیشكی خستە سەر واژووكردنی یەكێك لە گەورەپڕۆژەكانی بواری ڕیسایكلین لە شاری هەولێر و گوتی: "ئەمڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گرێبەستێكمان بۆ چارەسەری ئاوەڕۆی قورسی هەولێر واژوو كرد، كە خەونێكی لەمێژینەی حكومەت بوو؛ بەشی یەكەمی ئەو پڕۆژەیە لەلایەن ڕێكخراوی جایكا بە بڕی ١٩٥ ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێت. ئەوەشی كە جێگەی خۆشحاڵیمان و موژدەیەك بوو، بڕە زۆرەكەی ئەو ئاوەڕۆیەی هەولێر كە بە چارەسەرنەكراوی دەمایەوە، هەر ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاریدا كۆی كارگەی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر، لەسەر ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات و ئەو كەناڵە گەورەیەی كاریگەریی لەسەر پیسبوونی ژینگە و ئاوی ژێرزەوی هەولێر هەبوو، بڕیار درا ئەویش بە درێژایی ١٢ كیلۆمەتر ئاوەڕۆی بۆ دروست بكرێت و شاری هەولێر لەو گرفتە لەمێژینەیەی كێشەی ئاوەڕۆ چارەسەر بكرێت".

‎سەبارەت بە دروستكردنی كارگەی ڕیسایكلینی كانی قڕژاڵە، ساسان عەونی گوتی: "ڕەنگە ئەو موژدەیەش لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕابگەیەنین، ئێستا لە دوا قۆناغەكانی ئامادەكردنی گرێبەستێكین لەگەڵ كۆمپانیایەكی بیانی، بۆ چارەسەركردنی خاشاكی شاری هەولێر لە ڕێگەی ئەو كارگەیەوە، هاوشێوەی شاری سلێمانی و دهۆك، هەولێریش دەبێتە خاوەنی كارگەی جیاكردنەوە و ڕیسایكلینكردنی خاشاك".